بەگشتی كاتێك ئۆتۆمبێل دەكڕیت چەند پشكنینێك هەیە پێویستە بیانكەیت، تا دڵنیا بیتەوە لە باش و خراپیی كوالێتی بەشەكانی، لەو بارەوە شارەزایەك دەڵێت، هێشتا ئەمە بەس نییە و پێویستە بە وردی پشكنین بۆ هەموو بەشەكان بكرێت و كەسانی شارەزا و تایبەتمەند بە بوارەكە ئەو كارە ئەنجام بدەن.
هاوڕێ حەسەن، شارەزای بواری میكانیكی ئۆتۆمبێل، بە "وشە"ی گوت، كاتێك ئۆتۆمبێل دەكڕیت پێویستە پشكنینی بزوێنەر، گێڕ و بەشەكانی، بەردی گزۆس، بۆیاخ و بەشەكانی تریش بەگشتی، چونكە ئەم كارە لە داهاتوودا ئەگەر ئۆتۆمبێلەكەت كڕی لە خەرجییەكی زۆر دەتگەڕێنێتەوە.
ئەو شارەزایە نموونەی بە ئۆتۆمبێلێك هێنایەوە كە هاتووەتە لای و لەوبارەوە دەڵێت، ئۆتۆمبێلێك هاتە لام خاوەنەكەی هەموو پشكنینێكی بۆ كردبوو، بەڵام وەك پێویست نا، دەكرێ بڵێین فێڵیان لێ كردبوو، پشكنینی بۆ بزوێنەر و گێڕەكەی كردبوو، بەڵام بە شێوازێكی پرۆفیشناڵانە نەبوو و هەر وا هەڕەمەكی بوو، كاتێك پشكنینمان بۆی كرد، دەركەوت هەموو پارچەكانی گێڕ بۆكسەكە بەهۆی لێخشانی بەشەكان خورا بوون، ئەمەیش بەهۆی كەمبوونەوەی سێ لیتر لە هایدرۆلیك لەناویدا، بەهۆیەوە هیچ رێگەچارەیەكمان نەبوو تەنیا ئەوە نەبێت گێڕ بۆكسەكە بگۆڕین.
''بە دەیان جۆر فرتوفێڵ هەیە لە بازاڕدا، بەشێوەیەك فرۆشیاران پێش ئەوە هەر ئۆتۆمبێلێك بفرۆشن دەچن، لە ڕێی فێڵ گڵۆپی بزوێنەر، ئێرباگ، رۆن یان هەر شتێك كە مەبەستیان بێت دەكوژێننەوە و سیستمی دەكەن، بۆیە پێویستە لەو فێڵانە ئاگەدار بیت و نەكەویتە ناو ئەو تەڵانەوە"، وەستا هاوڕێ وای گوت.
ئەو شارەزایە وریایی دا و گوتی، بۆ ئەوەی تووشی ئەم فێڵانە نەبیت، سەرەتا پێویستە لە كەسانی متمانەپێكراو ئۆتۆمبێل بكڕیت، دواتر لە لای كەسانی شارەزا و راستگۆ پشكنینی بزوێنەر، گێڕ، بەردی گزۆس، ئێرباگ و بۆیاخ هیتریش یەك بە یەك و بە ڕێگەی میكانیكی و كۆمپیوتەر بیانكەیت، گرنگ نییە چەند خەرجی پێویستە و باشترە بیكەیت، چونكە لە داهاتوودا هەزاران دۆلارت بۆ دەگەڕێتەوە.