ئیمارات مزگەوتێكی سەرئاوكەوتوو دروست دەكات

:: PM:08:26:22/09/2023 ‌
 
دەسەڵاتدارانی میرنشینی دوبەی لە ئیمارات رایان گەیاند كە ساڵی داهاتوو پڕۆژەی مزگەوتێكی سەرئاوكەوتوو دەكەنەوە، مزگەوتەكە لە لایەن بەشی كاروباری ئیسلامی و چالاكییە خێرخوازییەكانی ئیمارات بە گوژمەی 55 ملیۆن درهەمی ئیماراتی دروست دەكرێت.

ماڵپەڕی "یوو ئەی ئی"ی فەرمیی ئیمارات بڵاوی كردەوە، پێنجشەمی رابردوو دەسەڵاتدارانی دوبەی رایان گەیاند كە لە ساڵی داهاتوو مزگەوتێكی سەرئاوكەوتوو دەكەنەوە، مزگەوتەكە لە سێ نهۆم پێك هاتووە، نهۆكی خوارەوەی لەژێر ئاوە و هۆڵێكی نوێژكردنە و جێگەی 50 بۆ 75 كەسی تیادا دەبێتەوە، لەگەل ئەوەشدا پڕۆژەیەكی نوێی گەشتیاریی ئاینییە بۆ دوبەی.

ئەحمەد خەلفان مەنسووری، راوێژكاری پێوەندییە كولتوورییەكان لە دەزگەی "IACAD"، كە بەشی كاروباری ئیسلامییە بۆ چالاكییە خێرخوازییەكان لە دوبەی رای گەیاند، مزگەوتەكە یەكێكە لەو پڕۆژانەی كە ئامانجی راكێشانی گەشتیارانە و دووپاتی كردەوە كاتێك گەشتیارەكان دەچنە ناو مزگەوتەكە، دەتوانن لەژێر ئاو نوێژ بكەن، دوو نهۆمەكەیتریش لەسەرەوەی هۆڵی نوێژكردن بۆ وتار و وۆركشۆپی ئیسلامی داندراوە.

روونی كردەوە، مزگەوتەكە نزیكە لە تەواوبوون و لە ساڵی داهاتوو بە رووی گەشتیاران دەكرێتەوە، بەڵام دەبێت ئەو كەسانەی دەچنە ناو مزگەوتەكە جلوبەرگی شیاویان لەبەر بێت، كە لەگەل نەریتی ئیسلامدا بگونجێت، بەتایبەتی بۆ ژنان، جلوبەرگێك لەبەر بكەن كە سەرو شانیان داپۆشراوبێت.

ئامادەكردنی: خەدیجە یاسین



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل