پلاتفۆڕمی نامە ناردنی خێرای "وەتسئەپ" كە خاوەندارییەتی بۆ كۆمپانیای "مێتا" دەگەڕێتەوە، تایبەتمەندییەكی نوێی راگەیاند كە ئەمیش ناردنی نامەی دەنگی و سڕانەوەیەتی دوای گوێگرتنی لەلایەنی بەرانبەر بە شێوەیەكی خوودكارانە.
پلاتفۆڕمی وەتسئەپ رای گەیاند، زیادكردنی ئەم تایبەتمەندییە نوێیە بۆ وەتسئەپ لە چوارچێوەی پاراستنی زانیارییە كەسییەكان دێ، بۆ ئەو كەسانەی كە نامەی هەستیاری دەنگی دەنێرن و دەترسن لە بڵاوبوونەوە و دزە كردنی بۆ لایەن و كەسی تر.
جێگەی ئاماژەیە لە ساڵی 2021دا "وەتسئەپ" تایبەتمەندیی View onceی خستە بەردەستی بەكاربەرانی، بە جۆرێك بەكاربەر دەتوانێ ڤیدیۆ یا وێنە بۆ بەرانبەرەكەی بنێرێ و هەر لەگەڵ سەیركردنی لە لایەنی بەرانبەرەوە خوودكارانە خۆی بسڕێتەوە.
پلاتفۆڕمی وەتسئەپ تایبەتمەندیی یەكجار گوێگرتن و سڕانەوەی خوودكارانەی بۆ ئەپلیكەیشنەكەی زیادكرد لەپێناو وەدەستهێنانی بەكاربەری زیاتر و متمانەی زیاتری بەكاربەرانی لە بەكارهێنانی ئەپلیكەیشنەكە لە پێوەندییەكاندا.
"وەتسئەپ" ئاماژەی داوە، ئەو نامە دەنگییەی كە دەینێری و ئۆپشنی "تەنیا یەكجار گوێ بگرە"ی لەگەڵ زیاد دەكەی، لە ئامێری كەسی وەرگر و بەرانبەردا سەیڤ نابێت و ناشتوانێت بۆ كەسی بنێرێتەوە، دوای 14 رۆژیش لە ناردنی ئەگەر لەلایەنی بەرانبەرەوە نامەكەی نەخوێندرایەوە و نەبیندرا و گوێی لێ نەگیرا، خۆی بەشێوەیەكی خوودكارانە نامەكە دەسڕێتەوە.
لەبارەی كاتی بەردەستبوونی ئەم تایبەتمەندییە نوێیە، وەتسئەپ رای گەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوو و لە ئایندەیەكی نزیك بۆ بەكاربەرانی تۆڕەكە كارا دەبێت و دەتوانن سوودی لێ وەرگرن.