درامای تەهران باسی ڕووداوەكەی سەرۆكی ئێرانی كردووە

:: PM:07:19:22/05/2024 ‌

پاش ڕووداوی هێلیكۆپتەرەكەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆكی كۆماری ئیسلامیی ئێران كە خۆی و هاوەڵانی گیانیان لەدەست دا، جارێكی تر زنجیرە درامای "تەهران" كەوتووەتەوە ناو مێشكی چاودێران و پێیان وایە، ڕووداوەكە لە سیناریۆیەكی ناو ئەو زنجیرەیە دەچێت.

ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"ـی ئەمەریكی گومانی خستووتە سەر ئەو چیرۆكەی ئێرانییەكان لەبارەی ڕووداوی فڕۆكەی سەرۆكەكەیان باسی دەكەن و دەڵێت، دەستكاریكردنی شوێنی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكە، هیچ سوودێك ناگەیەنێت و زیاتر گەیشتن بە ئەنجام دەخاتە گومانەوە و متمانە بە ڕاپۆرتەكانی ئەو وڵاتە لەو بارەیەوە لەدەست دەدات.

ئەو پرسیارەشی كردووە، چۆن دەبێت كۆپتەری هەڵفڕینی گەورە بەرپرسانی وڵاتێكی گەورە، بە ئاسانی لەناو سنووری وڵاتەكە خۆیدا بزر بووبێت و پاش ماوەیەكی زۆر درێژ بدۆزریتەوە؟

وێڕای ئەوەی تەلئەڤیڤ هەر زوو ڕەتی كردەوە كە دەستی لەو ڕووداوەدا هەبێت، بەڵام هێشتا تۆمەت بۆ سەر ئیسرائیل بەهێزە و خەڵكی زنجیرەی درامای تەهران بیری خۆیان دەهێننەوە.

درامای تەهران، بە یەكێك لە بەهێزترین دراما سیاسییە هەواڵگرییەكان هەژمار دەكرێت كە بەرهەمێكی ئیسرائیلییە و یەكەم زنجیرەی ساڵی 2020 بڵاو بووەوە و ئێستە خەریكی ئامادەكردنی بەشی چوارەمین. تێیدا باسی شەڕی هەواڵگریی نێوان مۆساد و ئیتیڵاتات دەكات كە ئایا تیمەكانی مۆسدا دەتوانن لە ئێراندا كردەیەكی نهێنی جێبەجێ بكەن یان نا.

ئەوەی زنجیرەكەی بیری بینەر هێنایەوە، ئەو هەموو وردەكارییەیە كە تێیدا لەسەر شاری تاران هاتووە و باسی توانای مۆساد دەكات لە گەیشتنیان بە هەموو جومگەیەكی ئەو وڵاتە.




وشە - عەبدوڵا عومەر