هەواڵێکى خۆش لەبارەى کەشوهەواى سبەینێ

:: PM:11:58:19/06/2024 ‌

کەشناسێکى کورد ڕاى گەیاند، تا ئێستا هیچ شەپۆلێکی گەرمای بەهێز بەگشتی ناوچەکانی هەرێمی نەگرتووەتەوە، ئەو گەرمایەى سبەیش باسی دەکەن بەمشێوەیە نییە کە دەڵێن "مەیەنە دەرەوە".

شاڵاو هیدایەت، کەشناسی کورد ئەمشەو 19ى حوزەیران بڵاوى کردەوە، تا ئێستا هیچ شەپۆلێکى گەرما بەگشتی ناوچەکانى هەرێمى کوردستانى نەگرتووەتەوە و شەپۆلى گەرما لە پلەی گەرمی 45 پلەى سیلیزی بەرەو سەر بە شەپۆلی گەرمای بەهێز دادەنرێ بە مەرجێک ڕێژەی شێ %20 کەمتر نەبێت.

هەروەها ئاماژەى داوە، ئەو گەرمایەى بۆ سبەینێ باس دەکرێ گوایا مەترسیدارە، گوێ نەدانە بە بارى دەروونیی هاووڵاتییان، چونکە بۆ سبەینێ بەرزترین پلەکانى گەرما 48 پلەیە بۆ خانەقین بەڵام رێژەى شێ تەنیا %11یە و ئەمەش ڕێژەیەکى کەمە و کاتێک پلەی گەرمی 45 بێ و ڕێژەی شێ % 15 بێت ئەوا پلەی گەرمی هەستپێکراو تەنیا 40 پلە دەبێت. بۆیە پلەى گەرمیی خانەقین بۆ سبەی کە 48 پلەیە و ڕێژەی شێ %11یە کەواتە بەهیچ شێوەیەک ناگاتە 45 پلەى هەستپێکراو.

ئەم کەشناسە زیاتر روونى کردووەتەوە، بۆ سلێمانیش پلەى پێشبینیکراو کە 42 پلەیە، ڕێژەی شێ %18یە، دوو تا سێ پلەى هەستپێکراو کەمتر دەبێت لەو پلەیە، لەوانەشە پلەی گەرمیی پێشبینیکراویش کەمتر بێت، چونکە چالاکیی ڕەشەبا هەیە ڕەنگە ڕێژەى شێیەکە کەمتر بکاتەوە.

"وەرزی گەرمیی هاوینی ئەمساڵ تەمەنی کورتتر دەبێت، هەندێک گەرمای بەهێزیشمان دەبێت لە مانگەکانی تر دا، بەڵام شەپۆلە گەرمایەکان جێی مەترسی نابن، لەوسەرەوەش زووتر گەرما کۆتایی دێت و فێنکایی بەدوایدا دێت و سەرماش لە ساڵى پار زووتر دێت". شاڵاو هیدایەت واى نووسیوە.



وشە - رزگار خدر