كۆمپانیا گەورەكانی دنیا لە هەوڵی ئەوەدان لەبری مۆبایلە زیرەكەكانی ئێستە، چاویلكە جێگەیان بگرێتەوە، پێشیان وایە دەكرێت هەموو ئەو كارانەی بەمۆبایل دەكرێت، بە چاویلكەیەكیش بكرێت.
چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەیەكی كەمدا چاویلكەی زیرەك ببێتە ئامرازی سەرەكی پێوەندیكردنمان و چیتر كەس پێویستی بەمۆبایل نەمێنێت.
زوكەربێرگی خاوەنی كۆمپانیا مێتا رای گەیاند، پێشبینی دەكەم لە ساڵانی داهاتوودا بتوانین چاویلكەیەك بخەینە بری مۆبایل و ئەو هەموو ئامێرانەی لەگەڵیدایە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری فەیسبووك، داهاتوو ئەوەمان لێ دەخوازێت هەرگیز پێویست ناكات ئامێرێك لە گیرفانی خۆت دەربهێنیت و بەردەوام لەگەڵ كەرەستەكانی تر هەڵیبگریت، بەڵكو هەموو كارلێكە دیجیتاڵییەكانت، وەك نامەی كورت، پێوەندی، كات بەسەربردن و زۆر شتی تر، بە بەكارهێنانی چاویلكەی زیرەك بەشێوەیەكی بێ كێشە لە بەردەم چاوتدا پێشان دەدرێن.
بەپێی هەواڵی میدیاكان، هەر لە ئێستەوە پێشبڕكێ لە نێوان كۆمپانیاكانی مێتا و ئەپڵ و كۆمپانیا گەورەكانی تری تەكنەلۆجیا دەستی پێ كردووە، ملیاران دۆلاریان لە ژیریی دەستكرد خەرج كردووە.
شارەزایانی تەكنەلۆجیا پێیان وایە داهێنانی گەورەی داهاتوو نوێكردنەوەی مۆبایلە زیرەكەكان نابێت، بەڵكو كۆتاهێنانە بە هەموو ئەوەی ئێستە لە بەردەستمانە و چیتر مۆبایل و كۆمپیوتەر نابینینەوە و ئەوانەش دەبنە مێژوو.
ئەم چاویلكەیەی كە زوكەربێرگ پێشنیاری كردووە، ئایندەییە و تایبەتمەندیی شاشەی سێ ڕەهەندییان هەیە كە وێنەی خەیاڵی دنیای ڕاستەقینە پێشان دەدات، ڕێگەت پێ دەدات نامەی كورت بنێری، پێوەندی بكەیت، یان گەشت بكەیت بەبێ ئەوەی پێویستیت بە بەكارهێنانی مۆبایلەكەت هەبێت.
بەپێی پێشبینییەكان، ئەمە كە بە تەواوی جێگەی مۆبایلە زیرەكەكان دەگرێتەوە، لە رێگەی چاوەوە یان فەرمانی دەنگی و ئاماژەی دەست، بەكارهێنەران دەتوانن بە ئاسانی كارلێك لەگەڵ ناوەڕۆكی دیجیتاڵیدا بكەن.