سەعات حەوتی ئێوارەی ئەمڕۆ، یارییەكی گەورە لە دهۆك بەڕێوە دەچێت، هەردوو یانەی دهۆك و قادسیەی كوێتی رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.
تەواوی ئەمڕۆ چاوەكان لەسەر دهۆك بوون، شارەكە بە تەواوی لە جموجۆڵە و كەشێكی وەرزشی لەناو جەماوەرێكی هێمنی دهۆك دروست كراوە.
یانەی دهۆك و یانەی قادسیەی كوێتی، لە یاریی كۆتایی جامی كەنداو رووبەڕووی یەك دەبنەوە، 25 هەزار هاندەر لەناو یاریگا دەبن، بەڵام تەواوی كوردستان و عێراق بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی بردنەوەی یانەی دهۆك دەكەن.
شڤان محەمەد بەرپرسی راگەیاندنی یانەی دهۆك رای گەیاند، سەعات حەوتی ئێوارە یاریی كۆتایی جامی كەنداو لە نێوان هەردوو یانەی دهۆك و یانەی قادسیەی كوێتی بەڕێوە دەچێت، لە یاریی پێشتردا لە كوێت یەكسان بوون و ئەمڕۆ پێویستە یەكێك ببێتە پاڵەوان.
باسی لەوەش كرد، ئەمڕۆ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مەسروور بارزانی و بەرپرسانی حزبی و حكوومی ئامادەی بینینی یاریی نێوان دهۆك و قادسیەی كوێتی دەبن.
هاوكات محەمەد شیاع سوودانی لە پێوەندییەكدا لەگەڵ سەرۆكی یانەی دهۆك رای گەیاند، بردنەوەی دهۆك بۆ عێراق گرنگە.
جێی ئاماژەیە كە یاریی یەكەم لە هەشتی ئەم مانگە لە یاریگای قادسیە لە كوێت بەڕێوەچوو و بە بێ گۆڵ كۆتایی هات.