بە تەمەنترین ژنی دنیا نهێنیی تەمەنە درێژەكەی ئاشكرا دەكات

:: AM:09:48:04/05/2025 ‌
دوای ئەوەی ئینا كانابارۆ لۆكاس كە بەرازیلی بوو و وەك بە تەمەنترین ژنی دنیا لە كتێبی "گینیس" ناوی تۆمار كرابوو، لە تەمەنی 116 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، بەدوایدا ناوی ئیسیل كاترهام دێت كە بە تەمەنترین ژنی دینیایە و بەریتانییە، ئەو ئێستە تەمەنی گەیشتووەتە سەرووی 115 ساڵ و لە هەمان كتێب ناوی تۆمار كراوە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم چواری ئایار، هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، كاترهام ئێستە دروست تەمەنی گەیشتووەتە 115 ساڵ و 252 رۆژ، لە 21ی ئۆگستسی 1909دا لە گوندی شیبتۆن بیلینجەر لە باشووری بەریتانیا لە دایك بووە، ئێستەیش لە خانەی بەساڵاچووان لە ساری باشووری رۆژئاوای لەندەن چاودێری دەكرێت.

دوای ئەوەی ئینا كانابارۆ لۆكاس كۆچی دوایی كرد و ئیسیل كاترهام لە جێگەی ئەو، نازناوی بە تەمەنترین ژنی دنیای وەرگرت، بۆیە زۆر لە میدیاكان روویان لێ كرد و پرسیاری نهێنیی درێژیی تەمەنەكەیان لێ دەكرد.

لەبارەی درێژیی تەمەنی كاترهام زۆر بە كورتی دەڵێت، "لە ژیانمدا ئامادە نەبووم بكەومە ناو دەمەدەم و گفتوگۆی توند، تەنیا ویستوومە بە هێمنی بژیم و ئەوە بكەم خۆم دەمەوێ و حەزم لێیە، واتە بێ دڵیی خۆم نەكردووە، بۆیە هەمیشە دڵخۆش بووم و تا ئێستەیش ئاسوودەم".

باسی لەوە كرد، ئەو لە خێزانەكەیان كە هەشت خوشك و برا بوون، بچووكترینیان بووە و ئێستە تەنیا خۆی لە ژیاندا ماوە. كاتێك تەمەنی گەیشتووەتە 18 ساڵ، گەشتی هیندستانی كردووە و لەو وڵاتە وەك بەخێوكەری منداڵ لەلای خێزانێكی بەریتانی كاری كردووە، دوای سێ ساڵ دیسان گەڕاوەتەوە بۆ بەریتانیا.

باسی ئەوەشی كردووە كە لە ساڵی 1931دا، چاوی بە "نۆرمان" كەوتووە كە بە پلەی "رائید" لە سوپای بەریتانیا بووە، هاوسەرگیریی لەگەڵدا كردووە، پاشان بوونە خاوەنی دوو كچ. ئەوەبوو نۆرمان لە 1976 كۆچی دوایی كرد. ماوەی چەند ساڵێكە لەو خانەیە دەژیت.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د