پاپا فرانسیس یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكانی دەبەخشێتە منداڵانی غەزە

:: PM:01:34:05/05/2025 ‌
پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات، یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكانی بە ناوی "پاپامۆبیل" بۆ دابینكردنی پێداویستییە پزیشكییەكان، دەبەخشێتە منداڵانی كەرتی غەزە.

ئەمڕۆ دووشەم پێنجی ئایار، ماڵپەڕی "ئەنادۆڵ" بڵاوی كردەوە، پاپا فرانسیس پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات، لقی رێكخراوی "كاریتاس" كە رێكخراوێكی خێرخوازیی كاسۆلیكییە و لقی لە كەرتی غەزە هەیە، رای سپاردووە ئەو ئۆتۆمبێلە بخاتە خزمەتی منداڵانی كەتری غەزە.

پیتەر برۆن ئەمینداری رێكخراوی كاریتاس رای گەیاند، بەهۆی ئەو ئۆتۆمبێلە دەتوانین بگەینە ئەو منداڵانەی كە لە كەرتی غەزە ناتوانن چاودێری تەندروستی بەدەست بهێنن.

 پاپا داوای لەو رێكخراوە كردووە ئۆتۆمبێلەكەی بۆ پێداویستی تەندروستیی منداڵانی كەرتی غەزە بەكار بهێنن. ئاژانسەكە دەشڵێت، ئەو ئۆتۆمبێلە دەكرێتە ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری بە پاڵپشتی لقی كاریتاس لە سوید.

ئەو ئۆتۆمبێلە شوفێرێك و پزیشێكی لەگەڵ دەبێت، هەموو پێداویستییەكان بۆ دیاریكردن و پشكنین و چارەسەر لە خۆی دەگرێت. 

چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ كردنەوەی رێڕەوەكان بۆ كەرتی غەزە، ئۆتۆمبێلەكە بە ئامادەكراوەیی بگاتە ئەو ناوچەیە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە منداڵانی كەرتی غەزە.

رۆژی 21ی نیسان پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان كۆچی دوایی كرد، پێشتریش پاپا یەكێك لەوانەی رەخنەی توندی لە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەگرت و دژی كوشتنی خەڵكی سڤیل بوو.




وشە - سۆران عەزیز