چەند رۆژێكە كەشوهەوایەكی ناجێگیر تێكەڵ لە خۆڵ و رەشەبا و باران و برووسك و تەرزە هەرێمی كوردستان و عێراقی گرتووەتەوە، پلەكانی گەرما روویان لە دابەزین كردووە، دەستەی كەشناسیی عێراق ئاماژە دەكات كە كە ئەمشەو خۆڵبارینەكە كەمتر دەبێت و باران و برووسك لە چەند پارێزگایەك لەوانە لە هەولێر بەردەوام دەبێت.
بەپێی ب
ەیاننامەیەكی دەستەی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق كە ئێوارەی ئەمڕۆ هاتە بڵاوكردنەوە، شەپۆلی خۆڵبارین رووی لە رۆژهەڵات و هەرێمی كوردستان و باكوری عێراق كردووە، پێشبینی هەیە ئەمشەو بەرەبەرە كەم ببێتەوە، بەڵام باران و برووسك لە چەند پارێزگایەك بەردەوام دەبێت.
روونی كردەوە، لە چەند ناوچەیەك خۆڵبارین كەم بووەتەوە و وێنەی مانگە دەستكردەكان دەری دەخات كە شەپۆلی خۆڵبارینەكە بەرەو رۆژهەڵات و هەرێم و باكور بە چڕی جیاواز دەچێت، پێشبینی دەكرێت لە سەعاتەكانی ئەمشەو بەرەبەرە خۆڵبارین كەم ببێتەوە، لە ناوچەكانی هەرێم و رۆژهەڵات و باكوریش بۆ سبەی سێشەم شوێنەواری خۆڵبارینەكە بمێنێت.
دەستەی كەشناسیی عێراق پیێشبینیی ئەوەشی كرد ئێوارەی ئەمڕۆ لە پارێزگاكانی هەولێر و كەركووك و نەینەوا و سەڵاحەدین باو باران و برووسك بێت، بەڵام بە شەو كاریگەرییەكەی كەم دەبێتەوە، سبەش لە باكوری هەولێر و دهۆك باران دەبێت.
شایەنی باسە چەند رۆژێكە كەشوهەوایەكی ناجێگیر رووی لە عێراق كردووە، ئەمڕۆ ئێوارە لە هەولێر و سلێمانی و كەركووك خۆڵبارینێكی چڕ بوو و بەو هۆیەوە ژمارەیەك خەڵك رەوانەی نەخۆشخانە كران، چاوەڕوان دەكرێت دوای بارانی ئەمشەو كاریگەریی خۆڵبارینەكە كەم ببێتەوە.