تێچووی دەرهێنانی GTA6 لە تێچووی دروستكردنی تاوەری خەلیفە زیاترە

:: PM:03:04:07/05/2025 ‌
یاریی GTA6  یان كوردەواری پێی دەڵێن درایڤەر كە كۆمپانیای رۆكستار خاوەندارێتی دەكات، تێچووی دەرهێنانی لە تێچووی دروستكردنی تاوەری خەلیفە زیاترە.

بەگوێرەی راپۆرتە دزەپێكراوەكان، یاریی GTA 6   دوو ملیار دۆلاری تێدەچیت، بەمەش دەبێتە گرانترین یاریی لە مێژوودا لەڕووی تێچووی دەرهێنانیەوە.

بۆ لەبەرچاوگرتنی ئەمە، جیاوازی لە نێوان تێچووی دروستكردنی تاوەری خەلیفە و ئەم یارییە بكەین، تاوەری خەلیفە ئێستە بەرزترین هەوربڕی دنیایە، ماوەی دروستكردنی شەش ساڵی خایاند، تێچووەكەی 1.5  ملیار دۆلارە، بەمەیش ئەم یارییە بەپێش تاوەری خەلیفە دەكەوێت و تێچووی GTA6  دوو ملیار دۆلارە.

ئەوەی جێی سەرنجە هێشتا یارییەكە تەواویش نەبووە، ئەو دوو ملیار دۆلارەی باس كراوە و تێچووەكەیەتی، زانیاریی دزەپێكراوە و ئەگەری ئەوە هەیە تا تەواو دەبێ تێچووی زیاتریش بێت.

بەپێچەوانەی تاوەری خەلیفە كە لە ساڵی 2004 بەردی بناغەی دانرا و لە ساڵی 2010 تەواو بوو، یاریی GTA 6 زیاتر لە 13 ساڵە كاری لەسەر دەكرێت.

چەند كەس كاریان لە دروستكردنی تاوەری خەلیفە و GTA6  دا كردووە؟
لە ماوەی شەش ساڵی دروستكردنی تاوەری خەلیفەدا، زیاتر لە 12 هەزار كارمەند كاریان لەو باڵەخانە هەوربڕە كردووە، لەبارەی یارییەكە بەهۆی ئەوەی هێشتا تەواو نەبووە، ئامارێكی فەرمی لەبەردەستدا نییە كە ئایا چەند كەس كاریان تێدا كردووە، بەڵام نوێترین زانیاریی لەسەر ژمارەی ئەو كارمەندانە، دەگەڕێتەوە بۆ دوو ساڵ لەمەوبەر كە ژمارەیان چوار هەزار كارمەندە.

بڕیار بوو ئەم یارییە ئەمساڵ بڵاو بكرێتەوە، بەڵام كۆمپانیای رۆكستار چەند رۆژێك لەمەوبەر بەفەرمی رای گەیاند، كاتی بڵاوكردنەوەكەی دواخرا بۆ 26ی ئایاری ساڵی داهاتوو.

پێشبینی دەكرێت نرخی یارییەكە كاتی بڵاوبوونەوەی 100 دۆلار بێت و چاوەڕوان دەكرێت ببێتە پڕفرۆشترین یاری لە مێژوودا، هەروەها هەندێك لە شارەزایان بڕوایان وایە ئەم یارییە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی، لە یەكەم رۆژدا دەتوانێت تێچووەكەی خۆی بە زیادەوە بهێنێتەوە.

ئەمە نوێترین بەرهەمی كۆمپانیای رۆكستار دەبێت، دوا بەرهەمی GTA 5 بوو كە لە یەكی تشرینی یەكەمی ساڵی 2013 دەرچوو، بەهەمانشێوە GTA5  لە سێ رۆژی یەكەمیدا توانی زیاتر لە ملیارێك دۆلار كۆ بكاتەوە.

كۆمپانیای رۆكستار خاوەنی چەندان یاریی ترە، بەڵام لەناو كورددا GTA  یان درایڤەر زۆر باوە و زۆربەمان ئەگەر ئەم یارییەمان نەشكردبێت، ئاشنای بووینە.

یەكەمین بەرهەمی درایڤەر بەناوی GRAND THEFT AUTO  لە ساڵی 1997 دەرچوو.
دووەمین بەرهەمی بەناوی GRAND THEFT AUTO 2  لە ساڵی 1999  دەرچوو.
سێیەم بەرهەمی بەناوی  GRAND THEFT AUTO III لە  ساڵی 2001 دەرچوو.
چوارەم بەرهەمی بەناوی GRAND THEFT AUTO, SAN ANDREAS  لە ساڵی 2002 دەرچوو.

چوارەم بەرهەم كە لە سەرەوە باس كراوە، لەوەوە كورد زیاتر ئاشنای ئەم یارییە بوو، بەهۆكاری ئەوەی لەو سەردەمەدا ئەو كوالێتییەی بۆ SAN ANDREAS  هەبوو، كوالێتییەكەی زۆرباش بوو.

هۆكارێكی گرنگی تر كە كوردی زیاتر ئاشنای ئەم یارییە كرد، بە زمانی كوردیش GTA SAN ANDREAS   بەردەست بوو، چەندان گەنجی كورد بەیەكەوە خەریكی ئەوە بوون بیكەن بەكوردی و كردیان، لە بازاڕەكانی كوردستان بەنرخێكی زۆر كەم دەفرۆشرا، ئێستەش ماوە و زۆرینەی هونەرمەندە كوردەكان كراونەتە ناو یارییەكە و لە كاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەكەدا گۆرانیی كوردی هەڵدەبێت و قسەی كارەكتەرەكەیش بە كوردییە.

ئەمانە بەشێكن لەو هونەرمەندانەی لەناو یارییەكەدا هەن:
زەكەریا عەبدوڵا- عەزیز وەیسی – گۆران ساڵح – پەرواز حوسێن – بەرهەم شەمامی – فاخیر هەریری و بەختیار ساڵح – رۆستەم سابیر – نووری گەرمیانی - ئاوات بۆكانی – نازدار جزیری – چۆپی فەتاح – ئارام شەیدا و  چەندان هونەرمەندی تریش.

جیا لەوەی لە كاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا گۆرانیی ئەم هونەرمەندانە هەڵدەبێت، وا دروست كراوە كە قسەكانیش بە كوردی دەكرێت.

نوێترین بەرهەمیشی لە 26ی ئایاری 2026 بڵاو دەكرێتەوە.






وشە - پێشەنگ مەحموود