خەتەر چۆن ئەو لەشفرۆشەی كردە موسڵمان؟

:: PM:07:00:15/05/2025 ‌
راپەڕی كورد، ئەڵمان خەتەر كە لە نۆی ئەم مانگە كۆچی دوایی كرد، لە دوای خۆی چیرۆكێكی سەرنجڕاكێشی جێهێشتووە، كە لەشفرۆشێكی كردووەتە بەناوبانگترین راپەڕ و ئێستەیش كچەكە بووەتە موسڵمان. 

جوان مەعرووف كە چالاكێكی كوردە و لە دەرەوەی وڵات دەژیت بڵاوی كردەوە، شڤێستە ئێڤا خاتوونێكە خەڵكی پۆڵۆنە و لە تەمەنی 19 ساڵی، دەست دەكات بە كاری لەشفرۆشی و لەلایەن باندێكی بازرگانی لەشفرۆشی دەكڕدرێت بە 20 هەزار یۆرۆ.

ئەو نووسیویەتی، خەتەر /راپەڕی كۆچكردوو/ لە شوێنێك ئەو كچە دەبینێ‌ و سەرسامی دەنگی و میوزیك ژەنینی دەبێت وەك ڕاپەرێك، بەڵێنی كڕینەوە و ئازادكردنی دەدات و لە تەمەنی 28 ساڵی لەو جێگەیە دەیهێنێتە دەرەوە و پارەكەی دەدات و ئازادی دەكات.

هەروەها دوای ئەوەی لەگەڵ خەتەر دەكەوێتە كاركردن، دواتر هونەری میوزیكی شڤێستە ئێڤا پێش دەخات و هانی دەدات، ئێستە شڤێستە ئێڤا بەناوبانگترین ڕاپەڕی ژنی ئەڵمانیایە و زۆریش دەوڵەمەند بووە.

بە قسەی ئەو چالاكە، شڤێستە ئێڤا هەر ئەمڕۆ لە كاتی ناشتنی خەتەر، موسوڵمانبوونی خۆی ڕاگەیاند.

ئەو سەرنجی لەسەر ئەوەیش داوە، كە پیاوی كورد لە توانایدا هەیە ژنی دەرەوەی كورد بكاتە موسڵمان، بەڵام "سەیرە بۆ پیاوی كورد لە ئاست لەشفرۆشەكانی دنیا زۆر دڵنەرمن و ئەوانەی خۆمان دەكوژن، تەنانەت ئەگەر خۆشەویستیش بكەن".


وشە - وشه‌