تیمێك لە زانایانی زانكۆی رادبوود لە هۆڵەندا ئاماژە دەكەن كە تەواوی ئەستێرەكانی گەردوون لە ماوەی كوینفیجینتیلیۆن ساڵ، واتە ژمارە یەك لەگەڵ 78 سفر تاریك دەبن و كۆتاییان دێت، بەوشێوەیە دنیا كۆتایی دێت، باسی سوپرایزێك دەكەن بەوەی ئەو وادەیە زۆر نزیكترە لەو وادەی پێشتر پێشبینی كراوە.
رۆژنامەی
"دەیلی مێڵ"ی بەریتانی لە راپۆرتێك ئاماژە دەكات، زانایان بۆیان ئاشكرا بووە كە گەردوون زۆر خێراتر لەوەی پێشبینی دەكرا بەرەو نەمان دەچێت، كاتێك تەواوی ئەستێرەكانی گەردوون لە ماوەی كوینفیجینتیلیۆن ساڵ، واتە ژمارە یەك لەگەڵ 78 سفر تاریك دەبن و كۆتاییان دێت، ئەو ماوەیەش زۆر كورتترە لەوەی پێشبینی دەكرا، كە ژمارە یەك لەگەڵ 1100 سفر بوو.
زانایان هۆكاری لەناوچوونی گەردوون بۆ دەرچوونی تیشكی هۆكینگ لە كونە رەشەكان لە كاتی شیبوونەوە و بوونەهەڵمیان دەگەڕێننەوە، هەروەها ئەستێرە زەبەلاحەكان دەتەقنەوە و دەبنە تۆپەڵی گەورەی ئاگر و دەبنە ئەستێرەی نیۆترۆنی، ئەوانیش ماوەیەكی دوورودرێژ دەمێننەوە و دواتر دەتەقنەوە.
هینۆ فالكی سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە و مامۆستای گەردوونناسیی رادیۆیی لە زانكۆی رادبوود دەڵێت ئەوان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ماوەی پێویست بۆ شیبوونەوەی ئەستێرە نیۆترۆنییەكان بە هاوشێوەی دروستبوونی تیشكی هۆكینگ لە شیبوونەوەی كونە رەشەكان، پێویستیی بە كوینفیجینتلیۆن ساڵ هەیە، بۆیە كۆتایی گەردوون زۆر لەوە خێراتر دێت كە پێشتر پێشبینی دەكرا و رەچاوی ئەو تیشكەیان نەكردبوو كە بەرە بەرە دێتە ناو گەردوون.