سەربازێكی سۆڤییەتی دوای 40 ساڵ مانەوە لە ئەفغانستان دەگەڕێتەوە رووسیا

:: AM:10:53:24/05/2025 ‌
سەربازێكی یەكێتیی سۆڤییەت كە ساڵی 1985 لەلایەن چەكدارە ئەفغانییەكانەوە دەگیرێت، لەم ڕۆژانەدا گەڕایەوە وڵاتەكەی و داوای رەگەزنامەی رووسی بە خۆی و هاوسەر و منداڵەكانی دەكات.

سێرگی كراسنوبیوروڤ سەربازێكی سوپای سۆڤییەت بوو لە ئەفغانستان، دوای ئەوەی لە ساڵی 1985 بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ سەربازەكانی فەوجەكەی، بارەگا سەربازییەكەی جێدەهێڵێت، لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی ئەفغانستانەوە دەگیرێت و پاشان بێسەروشوێن دەكرێت.

دوای 40 ساڵ مانەوەی لە ئەفغانستان، لە تەمەنی 60 ساڵی دەگەڕێتەوە رووسیا بۆ شادبوونەوەی بە دیداری كەسوكار و بنەماڵەكەی، داواش دەكات رەگەزنامەی رووسی بۆ خۆی و هاوسەر و منداڵەكانی بدرێت.

سەربازە سۆڤییەتییەكە ئەوكات تەمەنی 20 ساڵ بوو، ماوەیەكی زۆر لە گرتووخانەی چەكدارە ئەفغانییەكان بووە، پاشان ئازاد كراوە و تێكەڵی كۆمەڵی ئەفغانستان بووە و رێگەی نەبووە بگەڕێتەوە و وڵاتەكەی، ناچار ژن دێنێت و ژیانێكی ئەفغانییانە دەست پێ دەكات.
 
سێرگی كراسنوبیوروڤ كە ئێستە تەمەنی 60 ساڵە و لە ئازادكردنی دەبێتە مسوڵمان، ناوی خۆی بۆ "نوور محەمەد" دەگۆڕێت و ژیانی هاوسەریی لەگەڵ كچێكی ئەفغانی پێكدەهێنێت، ئێستە باوكی شەش منداڵە.

ئەو سەربازەی پێشووی سوپای سۆڤییەت دوای گەڕانەوەی بۆ رووسیا، بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاند: هەوڵی بەدەستهێنانی رەگەزنامەی رووسی بۆ خۆم و هاوسەر و منداڵەكانم دەدەم، بڕیاریشم داوە ئەگەر هەوڵەكەم سەربگرێت، بۆ هەمیشە لە رووسیا بمێنینەوە و ژیانێكی نوێ پێكبهێنین.

نوور محەمەد باسی لە نەهامەتییەكانی ژیانی كرد بەدرێژایی ئەو 40 ساڵەی لە ئەفغانستان دەژیا، گوتی: "كاتی خۆی پێناسێكی ئەفغانیم پێ درابوو، بەڵام دەسەڵاتدارانی دواتری ئەفغانستان هەموو بڕیاری نوێیان دا و ناسنامە و پێناسی فەرمیم هەڵوەشێنرایەوە، تەنانەت نەمتوانی رەگەزنامە سۆڤییەتییەكەشم پشتڕاست بكەمەوە. كاتێكیش دەوڵەتی نوێی رووسیای فیدراڵ دامەزرا، من لە دەرەوەی وڵات بووم و نەمتوانی ببمە خاوەنی رەگەزنامەی رووسی.



وشە - سۆران عەزیز