سەرپۆشەكەی نوخشە ناسیح لە ئێران دەنگدانەوەی هەبوو

:: AM:09:07:27/05/2025 ‌
ئەگەرچی ئێستە لە ئێراندا هیچ خانمێك سەرپۆش لەسەر ناكات، بەڵام راگەیاندنی ئەو وڵاتە لەسەر سەرپۆشەكەی نوخشە ناسیحی پارێزگای هەڵەبجە هاتوونەتە دەنگ و دەڵێن: لابردنی سەرپۆش بەتایبەتی لە كاتی سەردانی فەرمی و پرۆتۆكۆڵیدا هێڵی سوورە.

لە رۆژانی رابردوودا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەسەردانێكی فەرمی چوونە رۆژهەڵاتی كوردستان، پاشان سەردانی تارانیان كرد و دواتر لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە كۆبوونەوە.

لە سەرەتادا نوخشە ناسیح سەرپۆشێكی تەنكی كردبوو، بەڵام هەرزوو لای برد، لەو رۆژانەدا بێ سەرپۆش لە كۆمارێكدا كە چەندان ساڵ شەڕی سەرپۆشی ژنانی كردووە دەردەكەوت، ئەمەش ناڕەزایی میدیای ئێرانی لێ كەوتەوە.

لە دوای شۆڕشی "ژینا" سەرپۆش بووە بابەتێكی سەرەكی و زۆرینەی خانمان دژی دەسەڵات سەرپۆشەكانیان فڕێ دەدا، دواتر حكوومەت ناچار بوو یاساكانی شل بكات و بەتەواوی واز لە بیرۆكەی سزادان لەسەر سەرپۆش بێنێت، ئێستە بەهۆی هەڵگرتنی سزای نەكردنی سەرپۆش، خانمانی ئێران بەتەواوی سەرپۆشەكانیان فڕێ داوە .

ئاژانسی خەبەرگزاری فارس، وێنەی نوخشە ناسیحی داناوە كە لە نێوان پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری دهۆكدا دانیشتووە، بەپێی وێنەكە بێت ئەو رۆژەیە كە هەر چوار پارێزگارەكەی هەرێم دەچوون بۆ لای مەسعوود پزیشكیانی سەرۆك كۆماری ئێران، لەو وێنەیەدا بە پێچەوانەی رۆژەكانی تر، پارێزگاری هەڵەبجە سەرپۆشەكەی لابردووە.

سەرنجی میدیا ئێرانییەكان لەسەر ئەوەیە لابردنی سەرپۆش بەتایبەتی لە كاتی سەردانی فەرمی و پرۆتۆكۆڵیدا هێڵی سوورە.

ئەم میدیایە كە دەیەوێت ئەو بابەتە بورووژێنێتەوە، خەڵك لە كۆمێنت دایانشۆریون و دەڵێن: تێر نەبوون لە باسكردنی سەرپۆشی ژنان.

هەندێك لە كۆمێنتەكانیش باس لەوە دەكەن كە بۆچی بۆ دیپلۆماتە رۆژئاواییەكان ناوێرن بڵێن دەبێت سەرپۆش لەسەر بكەن و پرۆتۆكۆڵ ناهێننە گۆڕێ.





وشە - سۆران عەزیز