كۆتاییەكی تراجیدی گریمانەیی.. ئەستێرەیەك دەتوانێت چارەنووس و داهاتووی ژیان لەسەر زەوی بگۆڕێت

:: AM:10:04:30/05/2025 ‌
تیمی زانایانی گەردوونناسیی گەیشتوونەتە دەرەنجامی ئەگەرێكی نوێ، ئەمیش ئەوەیە كە ئەستێرەیەك دەتوانێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەقامگیریی زەوی و كۆمەڵەی سیستمی خۆر. 

بەپێی دەرەنجامی نوێ، ئەستێرەیەك دەتوانێت بە نزیك زەوییەوە بڕوات و هەسارەكەمان "زەوی" لە رێچكەی خۆی لابدات لە كۆمەڵەی خۆر، كە ئەمەیش دەبێتە هۆی مردنی تەواوی گیانداران تیایدا و بەبەستەڵەكبوونێكی تەواوی زەوی. 

ئەو دەرەنجامە نوێیە لەلایەن رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانییەوە بڵاو كراوەتەوە كە لەلایەن كۆمەڵێك زانا و تیمی زانستی زانكۆی بۆردۆ ئەنجام دراوە و زاناكان لە توێژینەوەیەكان هەزاران هاوكێشەی بیركارییان بۆ ئەگەرەكانی سیستمی كۆمەڵەی خۆر بەكار هێناوە لە ماوەی پێنج ملیار ساڵی پێشوو، ئەمەیش لە پێناو زانینی كاریگەری ئەو ئەستێرانەی كە بە نزیك زەوییەوە تێپەڕ دەبن. 

بەپێی دەرەنجامی توێژینەوەی زاناكان، ئەگەری ئەم بەركەوتنە و لاچوونی زەوی لە خولگەی خۆیدا دەگاتە %0.2 و بۆ مەریخیش رێژەكە %0.3ـیە و ئاماژەیش دراوە كە ئەو سەقامگیرییەی كۆمەڵەی خۆر كەمترە لەوەی كە پێشووتر باسی لێ كراوە.


وشە - پۆڵا مەحموود