لە فڕۆكەخانەیەكدا دەست بەسەر 47 ماری ژەهراوی دەگیرێت

:: AM:10:06:03/06/2025 ‌
دەسەڵاتی هیندی لە فڕۆكەخانەیەكی وڵاتەكە، لە پشكنیندا دەستی بەسەر دەیان گیانداری خشۆكدا گرتووە كە لەناویاندا 47 ماری ژەهراوی هەن، بۆیە ئێستەیش خاوەنی خشۆكەكان گیراوە كە ویستوویەتی ئەو خشۆكانە بە نایاسایی بگەیەنێتە هیندستان.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم سێی حوزەیران، هەواڵەكەی لە میدیاكانی هیندستان وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەی ئەو خشۆكانەی ویستراوە بە نایاسایی بگەینرێنە ناو هیندستان بە دروستی دیار نییە، بەڵام پۆلیس بە دەیان خشۆك باسی دەكات و دەڵێن، لەناو خشۆكەكاندا 47 ماری ژەهراوی هەن كە ئەو جۆرە مارانە دەگمەنن و خەریكە لە تەواوی دنیادا بەرەو لەناوچوون دەچن.

باس لەوە دەكرێت كە ئەو كەسەی ویستوویەتی خشۆكەكان بگەیەنێتە هیندستان، خۆی هیندییە و لە تایلەندەوە گەیشتووەتە فڕۆكەخانەكەی مۆمبای هیندستان، لە بەشی گومرگدا خشۆكەكان ئاشكرا بوون كە لەناو جانتایەكدا دانرابوون، بۆیە دەستیان بەسەردا گیراوە و پیاوەكەیش گیراوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێ تا بزانرێ هۆكاری هێنانی دەیان خشۆك بەتایبەتی ماری ژەهراوی بۆ هیندستان چییە.

ئاماژە بەوەش دراوە، بەپێی یاساكانی ئەو وڵاتە، گیاندارە وشكانییەكان دەپارێزرێن بەتایبەتی ئەو گیاندارانەی كە خەریكە لە دنیادا لەناو دەچن، بۆیە ئێستە خاوەنی خشۆكەكان زیاتر بەهۆی مارە ژەهراوییەكان گیراوە كە ماریان تێدایە خەریكە لە دنیادا بەرەو لەناوچوون دەچن، تا ئێستەیش ئەوە ئاشكرا نەكراوە كە ئەو خشۆكانە لە كام ناوچەی دنیاوە بەرەو هیندستان دزەیان پێ كراوە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د