باوکی ئیلۆن ماسك: ترەمپ کوڕەکەمی تووشی نەخۆشی دەروونی كردووە

:: PM:06:23:09/06/2025 ‌

ئیرۆل ماسك باوکی ملیاردێری بەناوبانگ ئیلۆن مەسک، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی ڕای گەیاند، کارکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بووەتە هۆی ئەوەی کوڕەکەی تووشی "تێکچوونی سترێسی دوای زەبر" (PTSD) ببێت "جۆرێکە لە شڵەژانی دەروونیی توند دوای ڕووداوێکی ناخۆش".


باوکی ماسك دەڵێت: "پێنج مانگ لە فشاری دەروونیی بەردەوام، پاشان فشارێکی تری بەردەوام. لە کۆتاییدا تەنیا ئەو "ئیلۆن" و ترەمپ مابوونەوە. هێشتاش نەیاندەزانی چی بکەن، بۆیە دەستیان کرد بە شەڕە قسە لەگەڵ یەکتر تا بگەڕێنەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان."

ئەم لێدوانە دوای گرژی و ئاڵۆزییەکی تووندی نێوان ئیلۆن ماسك و دۆناڵد ترەمپ دێت، کە هەفتەی ڕابردوو لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەریهەڵدا. مەسک پڕۆژەیاسای بودجەی پێشنیازکراوی ترەمپی بە "پیساییەکی قێزەون" ناوبرد بوو . 

ئیرۆل ماسك لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ململانێی نێوان کوڕەکەی و ترەمپی بە "شەڕی نێوان دوو نێری بەهێز (ئەلفا)" لە جیهانی ئاژەڵاندا چواندووە و ئامۆژگاریی کوڕەکەی کردووە ددان بە شکستدا بنێت. ئەو دووپاتی کردەوە: "ترامپ لەم گەڕەدا لە دژی ئیلۆن مەسک براوە دەبێت" و دوای ئەوە کێشەکەیان نامێنێت و ترەمپ ڕق لە دڵی نابێت بەراتبەری.

پێوەندی نێوان ئیلۆن مەسک و دۆناڵد ترەمپ هەمیشە ئاڵۆز بووە. لە سەرەتای سەرۆکایەتییەکەیدا، ماسك وەک ڕاوێژکار لە دوو ئەنجوومەنی کۆشکی سپی بەشداری کرد، بەڵام دواتر بەهۆی کشانەوەی ترەمپ لە ڕێککەوتنی پاریس بۆ کەشوهەوا، دەستی لەکار کێشایەوە. لەوکاتەوە، پێوەندییەكەیان لە نێوان پشتگیری و ڕەخنەی تونددا لە ھەڵبەز و دابەزدایە، بەتایبەت لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە هەردووکیان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاری دەهێنن.



وشە - پۆڵا مەحموود