تیمێك لە توێژەران لە توێژینەوەیەكیاندا لەبارەی مەیموونی جۆری شامپانزی بەوە گەیشتوون، مەیموونەكان زۆربەیان زیرەكن، بەڵام لەناویاندا شامپانزی جۆرێكە كە بایەخی زۆر بە پاكی دەدەن و هەروەها كاتێك خۆیان یان مەیموونێكی تر لە خێزانەكەیان بریندار دەبن، بە رووەكەكان چارەسەری دەكەن، واتە لە دەرمانەكانیش شارەزان.
پێگەی "ئەهرام"ی میسری كە رۆشنایی خستووەتە سەر ئەو توێژینەوەیەی لە پێگەی ئەلیكترۆنیی "سایتیك دێڵی" بۆ پارێزگاریی تەندروستی بڵاو كراوەتەوە، تیمێك لە توێژەران بۆ ماوەی چوار مانگ لە دارستانەكانی بۆدۆنجۆ لە ئۆگەندا توێژینەوەیان لەسەر مەیموونی شامپانزی كردووە. ئاماژەیان داوە كە ئەو جۆرە مەیموونە زۆر زیرەكن و هەڵسوكەوتەكانیان زیاتر بە مرۆڤە سەرەتاییەكان دەچێت، بایەخ بە پاكی دەدەن و برینەكانی خۆیشیان چارەسەر دەكەن.
توێژەران بەوە گەیشتوون ئەو چارەسەرییەی شامپانزی بۆ برینەكانی دەكات، پشت بە رووەك و گەڵا و گوڵ دەبەستێت، ئەوەیش دەزانێ كام جۆری رووەك بۆ كام جۆری برین دەبێتە چارەسەر. نەك هەر بۆ چارەسەری برینەكانی خۆیان، بەڵكو چارەسەری برینی ئەندامانی خێزانەكانیشیان دەكەن كاتێك بە هۆكارگەلێك بریندار دەبن.
توێژەران دووپاتی دەكەنەوە كە ئەو جۆرە هەڵسوكەوتەیان تەنیا لە مەیموونێك نەبینیوە، بەڵكو تەواوی مەیموونەكانی ناو خێزانەكان، هەمان هەڵسوكەوت لەگەڵ یەكتر دەكەن، ئەوان بەر لە چارەسەری برینەكان، شوێنی برینەكە پاك دەكەنەوە ئەوجا دەرمانەكەی لێ دەدەن و چارەسەری دەكەن.
ئیلۆدی فێرمان توێژەرە و پسپۆرە لە زانستی مرۆڤ "ئینترۆپۆلجیا" و سەرۆكی تیمی توێژینەوەكەیە لە زانكۆی ئەكسفۆردی بەریتانی دەڵێت، توێژینەوەكەیان رۆشنایی خستووەتە سەر رەگی زانستەكانی پزیشكی لەلای مرۆڤ، بەڵام دەركەوت شامپانزی سوود لە رووەك و گەڵا و گوڵ وەردەگرێ بۆ چارەسەری خۆی و دەوروبەرەكەی، وەك ئەوەی مرۆڤ ئەوە دەكات.
ئاماژە بەوە دراوە كە برینداربوونی مەیموونەكان زیاتر بە هۆكاری شەڕكردنە لە نێوان خۆیان، یان دڕندەكان پەلاماریان دەدەن، هەر خۆیانیش چارەسەری برینەكان دەكەن، واتە برینەكانی یەكتر پاك دەكەنەوە و بە رووەك و گەڵا چارەسەری دەكەن، ئەوەش روون بووەوە كە چارەسەرییەكانیشیان ئەرێنی بووە.
دواتریش باس لەوە كراوە كە زۆر پێویستە لە داهاتوودا توێژینەوەی زیاتر لەو بوارە بكرێت، زیاتر لە پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی نێوان مەیموونەكان لێكۆڵینەوە بكرێت، بەپێی ئەو ژینگەیەی تێیدا لە دایك دەبن و گەورە دەبن، بە ئەگەرێكی زۆر زانیاریی نوێ ئاشكرا دەكرێن.