كۆمپانیایەكی ئەڵمانی خەریكی دروستكردنی شەمەندەفەرێكی نوێیە كە 100 شاری ئەوروپی پێكەوە دەبەستێتەوە و ژووری تایبەتی نوستنیش لەخۆ دەگرێت. بڕیارە ئەو شەمەندەفەرە یەكەم گەشتی لە 2027 دەست پێ بكات و بۆ 2023یش ئەو 100 شارە ئەوروپییە پێكەوە دەبەستێتەوە.
پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم 15ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، كۆمپانیای "نۆكس"ی ئەڵمانی كە بارەگاكەی لە بەرلینە، ئەو شەمەندەفەرەكە دروست دەكات و بە نوێترین شێوە كاری بۆ دەكات كە لە ئاستی دنیا جیاواز دەبێت لە شەمەندەفەرەكانی تر، خزمەتگوزارییەكانی زۆر پێشكەوتوون و لە ئاستێكدایە ژووری تایبەت بە نوستنیش لەخۆ دەگرێت.
لەبارەی كارپێكردنی ئەو شەمەندەفەرە كۆمپانیاكە دەڵێت، بڕیارە لە ساڵی 2027دا یەكەمین گەشتی دەست پێ بكات، بۆ ساڵی 2035یش تەواوی ئەو 100 شارە ئەوروپییە پێكەوە دەبەستێتەوە. لەبارەی نرخیش دەڵێت نرخەكەی زۆر لە گەشتی ئاسمانی هەرزانترە كە دەتوانرێ ژووری نوستن بە 79 یۆرۆ بگیرێت، تەنانەت زۆر لە ژووری هوتێلیش هەرزانترە.
نموونەی ئەو شارانەی لەو شەمەندەفەرە پێكەوە دەبەسترێنەوە، باس لە ئەمستەردام، كۆبنهاگن، میلانۆ، پاریس، وارسۆ، فرانكفۆرت و برۆكسل دەكرێت، جیا لە دەیان شاری تری ئەوروپی.
لەبارەی نرخی گرتنی ژوورەكانی نوستن لەناو ئەو شەمەندەفەرە كۆمپانیاكە دەڵێت، ژوورێكی تاكەكەسی بە 79 یۆرۆ دەبێت، ژووری دوو كەسیش یان خێزانی بە 149 یۆرۆ دەبێت. هەر ژوورێك دوو مەترە و سیسەمی خەوتنیشی تێدایە، جیا لە كورسی و مێزی خواردن، پەنجەرەی تایبەتیشی بۆ دروست كراوە كە لە رێگەیەوە دیمەنە جوانەكان دەبینرێن.
دواتریش كۆمپانیاكە دووپات دەكاتەوە كە ئەوانەی لەو شەمەندەفەرە ژوور دەگرن، تێكەڵ بە خەڵكی بیانی نابن و سەربەخۆ دەبن، تەنانەت دەتوانن لە ناوەوە و دەرەوەیش دەرگای خۆیان دابخەن و چێژ لە سەربەخۆییان وەربگرن.