كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، لە رۆژانی داهاتوودا پلەكانی گەرما بەرز دەبنەوە و رەشەبای بای باكوری رۆژهەڵاتیش هەڵدەكات.
ئەمڕۆ دووشەم، 23ی حوزەیرانی 2025، كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، لە ئەنجامی چالاكتربوونی نزمەپاڵەپەستۆی زەمینیی وەرزی هیندی، لەم كاتەی ساڵدا و دەست پێ كردنی وەرزی هاوین لە ناوچەكەدا، لە رۆژی چوارشەم پلەكانی گەرما لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی ئاسایی و هاوینەیی سێ بۆ چوار پلە بەراورد بە ئەمڕۆ و سبەی بەرز دەبنەوە و تا ماوەیەكی زۆر لە ئاستێكی جێگیردا دەمێنێتەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە، بەرزترین پلەی گەرمی لە سەنتەری پارێزگاكان دەبێت كە بەمشێوەیە: سلێمانی 41 بۆ 42 پلە ، هەولێر 43 بۆ 44 پلە، دهۆك 42 بۆ 43 پلە، هەڵەبجە 42 بۆ 43 پلە، كەركووك 45 بۆ 46 پلە، ئیدارەی گەرمیان 45 بۆ 47 پلە، ئیدارەی راپەرین 41 بۆ 43 پلە و ئیدارەی سۆران 40 بۆ 41 پلە .
هەروەها ئەوەیش خراوەتە ڕوو، لە ئێوارەی سبەی سێشەم، بای باكوری رۆژهەڵات لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەكانی رۆژهەڵاتی هەرێم چالاك دەبێتەوە بەتایبەت ناوچەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین، لە رۆژانی چوارشەم و پێنجشەم خێرایی با زیاتر دەبێت لە نێوان 20 تا 50 كم لە سەعاتێكدا چالاك دەبێت.