كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، پێشبینی دەكرێت لە سەرەتای مانگی داهاتوودا بە دیاریكراوی لە دوو تا پێنجی تەمووز، بە شێوەیەكی نائاسایی پلەكانی گەرما دابەزن.
ئەمڕۆ سێشەم، 24ى حوزەیرانی 2025، كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، پێشبینی دەكرێت لە سەرەتای مانگی داهاتوودا لە نێوان دووى تەمووز بۆ پێنجى تەمووز، بارستە هەوایەكی سارد لە رۆژهەڵاتی رووسیاوە بگاتە ناوچەكانی باكوری ئێران و هەرێمی كوردستان و عێراق.
ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە، كاریگەرییەكانی ئەو بارستە هەوایە لەسەر ناوچەكانی باكوری ئێران دەبێت بە باران و كەشێكی سارد، لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بە چالاكبوونی بای بەهێز و فێنكی باكوری رۆژهەڵات، كاریگەریی دەبێت و پێشبینی نزمبوونەوەیەكی نائاسایی بۆ ئەوكاتەی ساڵ لە پلەكانی گەرمادا دەكرێت، بە نزیكەیی هەشت تا 12 پلە، كە ئەمەش كەشێكی زۆر فێنك لە ناوچەكەدا دروست دەكات و ئەمەش بۆ مانگی تەمووز تا رادەیەك دەگمەن و نائاسایی دەبێت.
ئەوە لە كاتێكدایە، هەر دوێنی كەشناسی هەواڵی ئەوەی بڵاو كردەوە، لە ئەمڕۆوە پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبنەوە.