ئومێد ئەفشار یەکێک لە بەڕێوەبەرە باڵاکان و کەسە نزیکەکانی ئیلۆن مەسک، کۆمپانیای تێسلای جێهێشت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان ناکۆکن لەسەر ئەوەی ئایا ناوبراو دەرکراوە یان خۆی وازی هێناوە.
بەگوێرەی ئاژانسی مێهر، بەپێی نەخشەی ڕێکخستنی ناوخۆیی کۆمپانیاکە، ئەفشار ڕاستەوخۆ ڕاپۆرتی بۆ ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلا، بەرز دەکردەوە و سەرپەرشتیی تیمێکی دەکرد کە لە زیاتر لە شەش کارمەندی پلەباڵا پێکهاتبوو.
لای خۆشییەوە ماڵپەڕی فۆربس یەکەمجار بڵاوی کردەوە کە ئەفشار لەلایەن مەسکەوە "دەرکراوە"، بەڵام پێشتر بلومبێرگ ڕای گەیاندبوو کە ناوبراو کۆمپانیاکەی جێهێشتووە.
بلومبێرگ ئاشکرای کردووە کە ئەفشار لە ساڵی 2022، بووەتە ئامانجی لێکۆڵینەوەیەکی ناوخۆیی لە تێسلا، کە تایبەت بوو بە داواکارییەکانی کۆمپانیاکە بۆ کەرەستەی بەرهەمهێنانی دەگمەن، لەنێویاندا جۆرێکی تایبەتی شووشە بۆ پڕۆژەیەکی نهێنیی ئیلۆن مەسک. سەرەڕای لێکۆڵینەوەکە، ئەفشار دواتر بۆ سپەیس ئێکسیش کاری دەکرد، بەڵام گەڕایەوە بۆ تێسلا و پلەکەی بەرزکرایەوە بۆ جێگری مەسک.
پرۆفایلی ئەفشار لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" هێشتا نیشانی دەدات کە لە تێسلایە و لەم هەفتەیەدا دوای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تاقیکاریی ڕۆبۆتاکسی (Robotaxi)، ستایشی مەسکی کردبوو.
دەرکردنەکەی دوای دەستلەکارکێشانەوەی میلان کۆڤاچ، بەڕێوەبەری بەرنامەی ڕۆبۆتی مرۆڤئاسای "ئۆپتیموس" (Optimus) دێت، کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا وازی هێنا.