زانایان لە پێنج دەوڵەت بۆیان دەركەوت كە پشیلە حەز بە خەو لەسەر لای چەپ دەكات زیاتر لە لای راست، ئەوان بۆیان دەركەوت ئەو بابەتە پێوەندیی بەوەوە نییە لەو حاڵەتە زیاتر دەحەسێتەوە، بەڵكو پێوەندیی بە زوو بەخەرهاتن و ئامادەیی بۆ وەڵامدانەوە و خۆپاراستنەوە هەیە.
توێژەران لە ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و كەنەدا و سویسرا و توركیا دوای سەیركردنی سەتان گرتەی ڤیدیۆیی پشیلەكان، تێبینیی ئەوەیان كرۆد ئەوان حەز بە پاڵكەوتن و نوستن لەسەر لای چەپ دەكەن، ئەوەش بۆ ئەوە نییە كە بەوە حەسانەوەی زیاتری تیادایە، بەڵكو تایبەتمەندییەكە و پێوەندیی بە زوو بەخەبەرهاتن و وەڵامدانەوە لەكاتی هاتنی كەسێكی دۆست یان نەیارەوە هەیە.
بەپێی توێژینەوەكان دوو لەسەر سێی پشیلەكان لەسەر لای چەپیان پاڵ دەكەون و دەخەون، ئەوان لە 12 بۆ 16 سەعاتی رۆژانە دەخەون، لەكاتی خەوتن هەست بە مەترسی دەكەن، ئەوەش وای كردووە هەموو كات ئامادە بن بۆ بەخەبەربوونەوە و وەڵامدانەوەیەكی خێرا لەكاتی هەر هەڕەشەیەك، كە ئەوەش زیاتر پێوەندیی بە مێشكەوە هەیە وەك ئامرازێكی خۆپارێزی.
لای چەپی لەش پێوەندیی بە لای راستی مێشكەوە هەیە، ئەو ناوچەی بەرپرسە لە هەستكردن بە هەڕەشەكان و ئاراستەكردنی لەش و رێكخستنی جووڵانەوەی لەش، ئەوكاتەی پشیلە لەسەر لای چەپی دەخەوێت، كە خەبەری دێتەوە لای راستی مێشكی چالاكە، بەوەش دەتوانێت شوێنی خۆی دیاری بكات و بەخێراییەكی زیاتر وەڵام بداتەوە و خۆی بپارێزێت لەكاتی هەر ئەگەرێكدا.