با "داوای لێبوردن" بكرێتە كولتوور و بەشێك لە كێشەكانی پێ چارەسەر بكەین

:: PM:03:49:02/07/2025 ‌
دەستەواژە و وشەكانی "داوای لێبوردن" لەناو كۆمەڵگەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر كەم بووەتەوە، كاتێكیش مرۆڤ ئامادە نەبێت لە هەڵەكانی داوای لێبوردن لە كەسی بەرانبەر بكات، ئەوكات كێشەكان وەك خۆیان دەمێننەوە یان رەنگە زیاتر گەشە بكەن، بۆیە پسپۆرێكی بواری دەروونی و كۆمەڵایەتی بە وردی باس لەو "داوای لێبوردن"ـە دەكات و دەڵێت، با "داوای لێبوردن" بكرێتە كولتوور و بەشێك لە كێشەكانی پێ چارەسەر بكەین.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ چوارشەم دووی تەمووز، نووسینێكی "سەمەر موقرین"ی بڵاو كردووەتەوە كە پسپۆری دەروونی و كۆمەڵایەتییە، بابەتەكەیشی تایبەت بە دەستەواژەی "داوای لێبوردن"ـە كە ساڵانێكی زۆرە لە كۆمەڵگەدا زۆر كەم بووەتەوە، ئەویش لە ژێر ناونیشانی "ئایا بوێریی ئەوەمان نییە داوای لێبوردن بكەین؟" بڵاوی كردووەتەوە. لەوێدا ئەو پسپۆرە پێی وایە كاتێك هەڵە دەكەین و ئامادە نابین داوای لێبوردن لە كەسی بەرانبەر بكەین، ئەوكات كێشەكە وەك خۆی دەمێنێتەوە یان رەنگە زیاتر گەشە بكات. بۆیە زۆر گرنگە هەموومان لە كاتی هەڵەدا "داوای لێبوردن" بە كەم نەزانین كە زۆر كێشەمان لە كۆڵ دەكاتەوە.

ئەو پسپۆرە دەڵێت، جەنجاڵیی پێوەندییەكانی رۆژانە وایكردووە هەڵەكان بەردەوامییان هەبێت و بۆ چارەسەری هەڵەكانیش، رەنگە بە داوای لێبوردن بتوانین چارەسەریان بكەین، كەچی ساڵانێكە زۆرە داوای لێبوردن لە كۆمەڵگەدا زۆر كەم بووەتەوە، خەڵكێكی زۆر پێیان وایە داوای لێبوردن لەسەر حیسابی كەرامەتیانە و بەهۆیەوە كەرامەتیان دەڕووشێت، بێگومان ئەوەیش لە نەبوونی هۆشدارییە، چونكە داوای لێبوردن نە خەوشە و نە ترسە و نە رووشانی كەرامەت، بەڵكو جوانیی مرۆڤ دەردەخات كاتێك هەڵەیەك دەكات، بەو دەستەواژەیە دڵی بەرانبەرەكەی دەداتەوە.

زیاتر دەڵێت جێگەی داخە كە داوای لێبوردن لە كۆمەڵگەدا لەسەر زمان قورس بووە، بۆچی دەبێ داوای لێبوردن بە لاوازی و دۆڕاو تەماشا بكرێت، ئەوە بیركردنەوەیەكی زۆر هەڵەیە، هاوكات كێشەی قووڵ بۆ لێكدانەوەی كەسەكان لە داوای لێبوردن دروست دەكات، واتە كەسەكە نایەوێ ددان بە هەڵەكەی خۆیدا بنێت و بەوەیش ناتوانێ كێشەكەی چارەسەر بكات، یان بوێریی رووبەڕووبوونەوەی نییە بۆ هەڵەكانی و ددانپێدانان. بۆیە داوای لێبوردن پاشەكشە نییە لە كەرامەت، بەڵكو دەستگرتنە بە كەرامەت.

ئەو پسپۆرە باس لەوە دەكات كە ئەو كێشەی داوای لێبوردنە، لە سەرەتای قۆناغی منداڵییەوە دەست پێ دەكات، منداڵ دەبینێ كاتێك كێشە لە نێوان دایك و باوك دروست دەبێت، هیچ لایەكیان ئامادە نین داوای لێبوردن بۆ هەڵەكانیان بكەن، ئەوەیش وا دەكات لەلای منداڵەكە وا لێكبدرێتەوە كە گەورەكان هەڵە ناكەن و ئەگەر هەڵەیش كرا، نابێ داوای لێبوردن بكەن، ئەمەیش لە نەستی ئەوان دەمێنێتەوە و كاتێك گەورە دەبن، داوای لێبوردن بۆ كەسانی بەرانبەر بە خەوش و دۆڕاوی دەزانن.

نەبوونی داوای لێبوردن لە هەڵەكان وەك پسپۆرەكە دەڵێت، كێشەی چارەسەرنەكراو دەخاتە نێوان پێوەندییەكانی خێزان و هاوسەران و هاوڕێكان، لەوكاتەدا هەڵەكان بە بێدەنگی دەمێننەوە و كاریگەرییان لەسەر پێوەندیی كۆمەڵایەتی و سۆزداری دەبێت كە ئەوەیش پێی دەگوترێ بێدەنگیی بەئازار.

دواتریش سەمەر موقرین دەڵێت، كاتێك بە راستگۆیی و بە دڵەوە داوای لێبوردن دەكەین، ئەوكات پێوەندییەكان لاواز نابن، بەڵكو بەهێزتر دەبنەوە، ئەو دەستەواژەیە دەرگای گفتوگۆ دەكاتەوە و رێزگرتنیش نۆژەن دەكاتەوە، وا دەكات كەسی بەرانبەر كە داوای لێبوردنی لێ دەكرێت، رێز لەو داوای لێبوردنە بگرێت و بەوەیش زۆر كێشە چارەسەر دەبن.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د