شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی بەکارهێنانی مۆبایل پیریی پێست خێراتر دەکات

:: PM:09:32:02/07/2025 ‌
شارەزایان ئاشکرایان کردووە کە بەکارهێنانی زیادەڕۆییانەی مۆبایل، پرۆسەی پیربوونی پێست خێراتر دەکات و دەبێتە هۆی دەرکەوتنی چەناگەی دووەم، کە بە "چرچولۆچیی دیجیتاڵی" ناسراوە.

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانی باس لەوە دەکات، سەیرکردنی مۆبایل بە چەمانەوە بۆ خوارەوە، دەبێتە هۆی چرچبوون و نوشتانەوەی پێستی ناوچەی مل، هەروەها ئەو ڕووناکییە شینەی کە لە شاشەکانەوە دەردەچێت، لە ڕێگەی دروستکردنی گەردیلەیەکەوە بە ناوی "ڕەگە ئازادەکان" (Free Radicals) پیربوونی پێست خێراتر دەکات، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر خانەکانی پێست دروست دەکات.

هەروەها ڕاپۆرتێکی تر ئاماژەی بەوە کردووە کە چەمانەوەی بەردەوام بۆ خوارەوە لە کاتی بەکارهێنانی مۆبایلدا، دەرکەوتنی چەناگەی دووەم و چرچیی مل خێراتر دەکات، ئەم دۆخی دانیشتنە کاریگەریی لەسەر کوالێتیی خەو و پێکهاتەی بڕبڕەی پشتیش هەیە.

دکتۆر جانێت گراف، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست لە نیویۆرک دەڵێت، هێڵە ئاسۆییەکانی سەر مل پێوەندییەكی زۆریان بە دۆخی جەستەوە هەیە، هەرچەندە مل زیاتر بجوڵێت، ئەگەری جێگیربوونی ئەو چرچانە زیاتر دەبێت. هەروەها دەڵێت، "ئەگەر بەردەوام مۆبایل بەکار دەهێنیت، باشترە بیهێنیتە ئاستی چاوت لەبری ئەوەی سەیری خوارەوە بکەیت".

دکتۆرە گراف دووپاتی دەکاتەوە، هەرچەندە چرچیی مل بە شێوەیەکی سروشتی لەگەڵ تەمەندا دەردەکەوێت، بەڵام نەخۆشەکان لە تەمەنێکی زوودا سەردانی دەکەن بۆ ڕاستکردنەوەی چرچییەکان یان دواخستنی دەرکەوتنیان.

توێژینەوەیەک کە لەلایەن کۆمپانیای "LYMA"ی تایبەتمەند بە تەواوکەرە خۆراکییەکانەوە ئەنجام دراوە دەری خستووە، گەڕانە ئۆنلاینەکان لە بەریتانیا لەبارەى زیانەکانی ڕووناکیی شین لەسەر پێست بە ڕێژەی زیاتر لە 130٪ زیادی کردووە، هەروەها گەڕان بۆ ڕاهێنانەکانی دژەچرچی بە ڕێژەی 120٪ زیادی کردووە.

گوتەبێژی کۆمپانیاکە گوتی، ئەگەر ڕۆژەکانت بە سەیرکردنی خوارەوە بۆ شاشەی مۆبایلەکەت بەسەر دەبەیت، ئەگەری هەیە ملت باجەکەی دابێت. گوتیشی، "شارەزایان مەترسییەکی زیادبوویان دیاری کردووە پێی دەگوترێت "چرچولۆچیی دیجیتاڵی"، کە بریتییە لە پیربوونی پێشوەختەی ناوچەی مل بەهۆی سەیرکردنی بەردەوامی شاشەی مۆبایلەکانەوە".


وشە - پۆڵا مەحموود