سێرگی باشكیرۆڤ كە پاڵەوانێكی رووسیی جیهانیی بۆكسینگە و بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 54 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. ئەو پاڵەوانە ئەستێرەیەكی ناوداری جیهانییە كە لە یارییەكانیدا بە كەسێكی بوێر و شارەزا لە بوارەكەی ئاماژەی پێ دەكرێت.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم حەوتی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، یانەی بۆكسینگی "كریبۆست" لە نۆفۆسیبیرسك لە پێگەی ئەلیكترۆنیی "ڤكۆنتاكتی"، مردنی سێرگی باشكیرۆڤ ئەو وەرزشوانە جیهانییەی بڵاو كردووەتەوە كە بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 54 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. یانەكە پێی وایە بە مردنی بۆشاییەكی زۆر لە بواری بۆكسینگ لە رووسیا جێدێڵێت
كوڕی ئەو وەرزشوانە لەبارەی مردنی باوكی بڵاوی كردووەتەوە، تووشی گرێیەك لە "حەبلی شەوكی" بوو و دووجار نەشتەركاریی بۆ كرا، هاوكات زیاتر لە 25 دانیشتنی چارسەری تیشكی بۆ كرا، بەڵام نەخۆشییەكەی سەخت و كاریگەر بوو و بەهۆیەوە كۆچی دوایی كرد.
ئەو پاڵەوانە رووسییە نازناوی "تایسۆنی سێبیری"ی پێ بەخشرا، هاوكات نازناوی پاڵەوانی ئۆقیانووسەكانی لە یەكێتیی نێودەوڵەتیی بۆكسینگی لە ساڵی 2001 پێ درا. لە كاروانی ئەو یارییەدا 19 یاریی گەورەی كردووە كە لە 14یان بردنەوەی مسۆگەر كرد. پاشان وازهێنانی لە یارییەكە راگەیاند و وەك راهێنەر رۆڵی گەورەی لە وڵاتەكەی هەبوو.
سێرگی باشكیرۆڤ كە بە "تاسیۆنی سیبیری" ناو دەبرا، چونكە شێوازی یارییەكەی دروست بە مایك تایسۆن پاڵەوانی جیهانی ئەمەریكی دەچوو، خۆیشی لە سیبیریای رووسی پەروەردە كراوە و گەورە بووە، بۆیە بە "تایسۆنی سیبیری" بەناوبانگ بوو.