رۆبۆتێك لە كوردستان دروست كراوە كاری لەحیم دەكات

:: AM:11:37:08/07/2025 ‌
لەلایەن پیشەوەرێكی شاری هەولێرەوە رۆبۆتێك دروست كراوە، ئەو رۆبۆتە كاری لەحیم دەكات و هیچ كەلوپەلێكی لە دەرەوە بۆ نەهێنراوە، رۆبۆتەكە ئەوەندە پێشكەوتووە، پێنج جۆر كار دەزانێت.

ئەمڕۆ سێشەم هەشتی تەمووز، عەبدوڵا كارزان دروستكەری رۆبۆتەكە، بە "وشە"ـی راگەیاند، سەركەوتوو بووین لە دروستكردنی رۆبۆتێك لە ناوچەی پیشەسازیی باكور، ئەو رۆبۆتە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی پێنج جۆرە كار.

زیاتر گوتی، رۆبۆتەكە لە شوێنی كرێكار كارمان بۆ دەكات، كاری لەحیم بە تەواوەتی دەزانێت، وەك لەحیمكردنی تانكی و لەحیمكردنی بوتڵی غاز و چەندان جۆر كاری تر.

باسی لەوەش كرد، ئەو رۆبۆتە تێچووەكەی هەشت هەزار دۆلارە و كەمترە لەو تێچووەی لە دنیادا بۆی دەكرێت، كە لە وڵاتان دروستكردنی ئەو رۆبۆتە 10 هەزار دۆلاری تێدەچێت.

روونی كردەوە، جگە لەو رۆبۆتە، دەتوانین چەندانی تری لەو شێوەیە دروست بكەین و كاریان پێ‌ بكەین، ئەو رۆبۆتانە توانا و كوالێتیی باشیان هەیە.


وشە - رامیار جەواد