كونسوڵگەی ئەمەریكا بڵاوی كردووەتەوە، 97 ساڵ پێش ئێستە كوردێك بەمەبەستی ئاشنابوون بە كولتووری دەرەوە و بازرگانی، پاسپۆرتی وەرگرتووە.
ئەمڕۆ دووشەم 18ـی ئاب، كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، پاسپۆرت بەڵگەنامەیەكی گرنگە و ئاسانكاری دەكات تا خەڵك بتوانن ئاشنا ببن بە كولتووری ناوچە جیاجیاكانی دنیا و ئەنجامدانی كاری بازرگانیی نێودەوڵەتی.
لەگەڵ بڵاوكردنەوەی وێنەی پاسپۆرتێك دەڵێت، پێمان خۆشە وێنەی پاسپۆرتێكی كۆنی شانشینی عێراقتان لەگەڵدا هاوبەشی پێ بكەین، كە لە ساڵی 1928 لە بەغدا دەركراوە.
ئاماژە بەوەش كراوە، پاسپۆرتەكە هی هاووڵاتییەكی كوردی عێراقە "باوەڕ فەخرەدین سەلیم" وەك بەشێك لە مێژووی خێزانەكەی بۆی ناردووین.
بەپێی پاسپۆرتەكە بێت، مێژووی دەرهێنانی دەگەڕێتەوە بۆ 97 ساڵ پێش ئێستە، ئەوەیش پێشانی دەدات كە كورد میلەتێكە هەمیشە ئارەزووی ژیانێكی خۆش و ئارامی هەیە، هەروەها ئارەزووی ئەوە دەكات تێكەڵی كولتووری وڵاتانی تر بێت.