لیۆناردۆ داڤینچی چێشتخانەیەكی هەولێری بە داخستن دا

:: AM:09:18:26/08/2025 ‌
بەهۆی بوونی تابلۆیەكی لیۆناردۆ داڤینچی، یەكێك لە چێَشتخانە بەناوبانگەكانی هەولێر داخرا و بڕیارەكە لەلایەن بەرپرسانی هەولێر دەرچووە.

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی ئاب، سەرچاوەیەكی تایبەت بە "وشە"ـی راگەیاند، داخستنی چێشتخانەیەكی هەولێر كە كاری پیتزای دەكرد، بەهۆی خواردن یان شتێكی تر نەبووە.

زیاتر گوتی، لیژنەكانی قایمقامییەتی هەولێر چێشتخانەیەكیان داخست بەهۆی بەكارهێنانی تابلۆیەكی هونەرمەندی بەناوبانگی ئیتاڵی لیۆناردۆ داڤینچی بوو كە بە "كۆتا خوان” ناسراوە، وەك رێكلامێك بۆ چێشتخانەكەیان دایاننابوو.

ئەوەش زانراوە، بڕیاری داخستنەكە لەسەر فەرمانی راستەوخۆی قایمقامی هەولێر بووە، بەڵام خەڵك وەك بیرۆكەیەكی ئاینییان زانیوە و سكاڵایان لەسەری هەبووە.

تابلۆی "كۆتا خوان” یەكێكە لە بەناوبانگترین كارە هونەرییەكانی دنیا و وێنەی حەزرەتی مەسیح و قوتابییەكانی پێشان دەدات، لە كۆتا ژەمی ئێوارەدا پێش ئەوەی لە خاچ بدرێت، مێژووی تابلۆكە دەگەڕێتەوە بۆ 500 ساڵ پێش ئێستە.


وشە - رامیار جەواد