پێشبڕكێی شای جوانیی دنیا بە فەرمی رای گەیاند، بۆ ئەمساڵ كچێكی فەلەستینی دەبێتە نوێنەری وڵاتەكەی بۆ پێشبڕكێكە، كە بڕیارە لە 21ی تشرینی دووەمی داهاتوو لە تایلەند بەڕێوە بچێت.
پێگەی "
ئیلاف" ئەمڕۆ سێشەم 26ی ئاب بڵاوی كردووەتەوە، بڕیارە لە پێشبڕكێی شای جوانیی دنیا بۆ ئەمساڵ، نادین ئەیووب كە كچێكی فەلەستینییە و تەمەنی 27 ساڵ، نوێنەری وڵاتەكەی بێت كە ئەو خاتوونە لە ساڵی 2022، شای جوانیی فەلەستین بوو.
رێكخراوی شای جوانیی دنیا بۆ تۆڕی "سی ئێن ئێن" رای گەیاند، پێشوازی لە نادین ئەیووب وەك نوێنەری فەلەستین دەكەین. ئەوەش دەڵێن كە ئەو خاتوونە پاڵپشتكارێكی رژدی وڵاتەكەیەتی و نموونەی ئافرەتی فەلەستینییە، بۆ ئەمساڵ بەشداریی پێشبڕكێكە دەكات.
نادین ئەیووب لە رێگەی ئینستاگرامەوە دەڵێت، شانازە كە بەشداریی لەو پێشبڕكێیە دەكات و دووپات دەكاتەوە، ئەو بەشداریكردنەی تەنیا بۆ ناوی خۆی نییە كە نازناوەكە وەربگرێت، بەڵكو بۆ دەرخستنی ئازارەكانی خەڵكی فەلەستین و بەتایبەتی كەرتی غەزەیە، بۆ ئەوەیش وەك خۆی دەڵێت، "دەنگی فەلەستینییەكان لەگەڵ خۆم هەڵدەگرم، بە دنیا دەڵێم كە گەلەكەم بێدەنگی قبووڵ ناكات".