کۆمپانیای ئەپڵ ڕای گەیاند، لە بۆنەیەکی تایبەتدا لە ڕۆژی نۆی ئەیلوولی داهاتوو، زنجیرە تەلەفۆن و بەرهەمە نوێیەکانی نمایش دەکات.
کۆمپانیاکە ڕوونی کردەوە، رێورەسمی ناساندنەكە بە شێوەی ئۆنلاین (virtual) لە ڕۆژی سێشەم، نۆی ئەیلوول، پەخش دەکرێت و تێیدا زنجیرە تەلەفۆنی "ئایفۆن 17"، چەندین ئامێری تر و بەرهەمی نوێ ڕادەگەیەنرێن.
ئەپڵ لەگەڵ ڕاگەیاندنی رێورەسمەكە دروشمی "awe dropping"ی بەکارهێناوە و لۆگۆکەی بە شێوەیەک پیشان داوە کە وەک ئەوەی بە کامێرایەکی گەرمی "حەراری" گیرابێت. بەڵام ڕاگەیەندراوەکە هیچ ئاماژەیەکی ڕوونی تێدا نییە سەبارەت بەو ئامێرانەی کە لەم بۆنەیەدا نمایش دەکرێن.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، چاوەڕوان دەکرێت ئەپڵ کۆمەڵێک ئایفۆنی نوێ بە دیزاینێکی نوێکراوەوە نمایش بکات، کە دیارترینیان "ئایفۆن 17 ئایر" (iPhone 17 Air) دەبێت، وەک ڕۆژنامەی "ئیندپێندنت" باسی کردووە.
هەروەها پێشبینی دەکرێت کۆمپانیاکە پلانی خۆی بۆ پەرەپێدانی دیزاینی ئامێرە چەماوەکان (foldable) ئاشکرا بکات، لەگەڵ گۆڕانکاری لە شێوەی ئامێرەکانی دیکەیدا لە ساڵانی داهاتوودا.
جگە لە ئامێرە نوێیەکان، پێشبینی دەکرێت ئەپڵ وەشانی نوێکراوەی ڕووکاری "Liquid Glass" نمایش بکات، کە لە مانگی حوزەیراندا ئاشکرای کردبوو. ئەم ڕووکارە شێوەیەکی نیوە-شەفاف بە هەموو ئامێرەکانی لە ئایفۆنەوە تا ماک دەبەخشێت. هەندێک پێیان وایە ئەم دیزاینە ڕەنگدانەوەی شێوەی ئامێرە نوێیەکان دەبێت کە چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەخۆیانەوە ببینن.
جێی باسە، ئەپڵ لە ساڵانی ڕابردوودا شێوازێکی نوێی بۆ نمایشکردنی بەرهەمەکانی گرتووەتەبەر، کە بریتییە لە ئەنجامدانی بۆنەی ئۆنلاین، لەگەڵ ئامادەبوونی ژمارەیەکی سنوورداری ڕۆژنامەنووسان لە بارەگای سەرەکیی کۆمپانیاکە.