دوای چوار ڕۆژی تر كۆتایی بە هاوین دێت و وەرزی پاییز دەست پێ دەكات

:: PM:08:59:27/08/2025 ‌
سادق عەتیە، شارەزای كەشناسیی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم 27ی ئاب ڕای گەیاند، دوای چوار ڕۆژی تر، لە یەكی ئەیلوول، وڵات لە ڕووی كەشوهەواوە دەچێتە وەرزی پاییزەوە. بەمەش وەرزی هاوین كۆتایی دێت و شەپۆلە بەهێزەكانی گەرما نامێنن.

عەتیە لە پۆستێكدا لە فەیسبووك  بڵاوی كردووەتەوە، لەگەڵ دەستپێكی مانگی ئەیلوول، پلەكانی گەرما وردە وردە دادەبەزن و نیشانەكانی پاییز دەردەكەون، كە لە عێراقدا بە گەرمیی ڕۆژ و فێنكیی شەو ناسراوە. هۆكارەكەشی بۆ شكانی توندیی تیشكی خۆر گەڕاندووەتەوە بەهۆی جووڵەی ڕواڵەتیی خۆرەوە بەرەو باشووری هێڵی یەکسانی.

بە گوتەی عەتیە، لەگەڵ ڕۆیشتنی ڕۆژەكانی ئەیلوول، ئاسمان وردە وردە سیماكانی دەگۆڕێت و هەوری پچڕپچڕ دەردەكەوێت كە بۆ ماوەی چەندین مانگ لە هاوینێكی زۆر وشكدا دیار نەمابوون.

بەپێی پێشبینییەكانی، ئەم هەورانە ڕاستەوخۆ بارانیان لەگەڵدا نییە، بەڵام یەكەم نیشانەی گۆڕانی كەشوهەوان و تیشكی خۆر نەرمتر دەكەن و تیژییەكەی دەشكێنن. ئەمەش دیمەنێكی جیاواز بە كەشوهەوا دەبەخشێت لەچاو ئەو وێنەیەی لە هاویندا بینرا، كە بریتی بوو لە وشكی، پیسبوون و كەمئاوی، كە بووەتە مۆتەكەیەك و هەڕەشە لە دانیشتووان دەكات، بەتایبەتی لە شارەكانی باشوور.

عەتیە ئاماژەی بەوەش دا كە ئەم دیاردانە دەبنە بەشێك لە گۆڕانكارییەكانی ئاسایی پاییز لە عێراقدا، كە ساماڵی ئاسمان و دەركەوتنی هەوری ناوبەناو لەخۆ دەگرێت، هەندێک جار بە بەرزبوونەوەی شێ و هەڵکردنی بای باکووری فێنکەوە دەبێت.

لە كۆتاییدا گوتی: ئەم گواستنەوە وەرزییە پشوویەك بە خەڵك دەدات دوای هاوینێكی درێژ و دەرگا بۆ كەشوهەوایەكی مامناوەندتر دەكاتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود