دانیمارک و گرینلاند داوای لێبووردن دەکەن: بە زۆر ڕێگریمان لە منداڵبوونی ژنانی ڕەسەن کردووە

:: PM:10:16:27/08/2025 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 27ی ئاب حکوومەتی دانیمارک و گرینلاند لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوای لێبووردنی فەرمییان كرد لەبەرانبەر ئەو مامەڵە خراپەی بەرانبەر بە كچ و ژنانی دانیشتووانی ڕەسەنی گرینلاند لە شەستەكانی سەدەی ڕابردوودا كراوە، كە بریتی بووە لە ناچاركردنیان بە بەكارهێنانی ئامرازەكانی ڕێگری لە دووگیانی.

یەنس فرێدریک نیلسن، سەرۆک وەزیرانی گرینلاند، ڕای گەیاند کە ئەم بابەتە "لاپەڕەیەكی تاریكە لە مێژووماندا"، لە کاتێکدا مێتێ فرێدریکسنی سەرۆک وەزیرانی دانیمارک گوتی: دەتوانین بەرپرسیارێتییەكە لە ئەستۆ بگرین، هەرچەندە ناتوانرێت ڕابردوو بگۆڕدرێت.

ئەم داوای لێبووردنە دوای ئەوە دێت کە ساڵی ڕابردوو نزیکەی 150 ژنی گەلی ئینویت "ئەسکیمۆ" سکاڵای یاساییان لە دژی دانیمارک تۆمار کردبوو و داوای قەرەبوویان لە وەزارەتی تەندروستیی دانیمارک دەکرد. ئەوان ڕایانگەیاندبوو کە دەسەڵاتدارانی تەندروستیی دانیمارک مافە مرۆییەکانیان پێشێل کردوون کاتێک ئامرازی ناو منداڵدان "للولب" یان (IUD)یان بۆ چاندوون. هەندێك لەو ژنانە، كە زۆربەیان لەو كاتەدا هەرزەكار بوون، ئاگاداری ئەوە نەبوون كە چی ڕوودەدات و ڕەزامەندییان لەسەر نەدابوو.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، دەسەڵاتدارانی دانیمارک ساڵی ڕابردوو ڕایانگەیاندبوو، کە نزیکەی چوار هەزار و 500 ژن و كچ، واتە نیوەی ئەو ژنانەی لەو کاتەدا لە گرینلاند لە تەمەنی منداڵبووندا بوون، لە نێوان شەستەكان و ناوەڕاستی حەفتاكانی سەتەی ڕابردوودا، ئەم ئامرازەیان بۆ دانراوە. ئامانجی ڕاگەیەندراوی ئەو کاتە، "سنوورداركردنی گەشەی دانیشتووان" بووە لە گرینلاند.

ئەم داوای لێبووردنەی هەردوو حکوومەت پێش بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتێكی چاوەڕوانكراوە لە مانگی داهاتوودا سەبارەت بە لێكۆڵینەوە لەو پێشێلكارییانە.

فرێدریکسن ددانی بەوەشدا نا کە ئەم کارە بووەتە هۆی ئازاری جەستەیی و دەروونی بۆ قوربانییەکان و داوای لێبووردنەکەی سەرجەم جیاکارییە سیستماتیک و مامەڵە خراپەکانی دیکەشی گرتەوە کە دانیمارک بەرانبەر دانیشتووانی گرینلاند ئەنجامی داوە.


وشە - پۆڵا مەحموود