دایناسۆرێكی نامۆ دۆزراوەتەوە كە تەمەنی سەرووی 165 ملیۆن ساڵە

:: AM:09:01:28/08/2025 ‌
زانایانی بواری شوێنەوار و هەڵكۆڵین ئاشكرایان كردووە، پرووسكی دایناسۆرێكیان لە مەغریب دۆزیوەتەوە، تەمەنی زیاتر لە 165 ملیۆن ساڵ دەبێت و پێشبینی دەكرێ كێشی نزیكەی دوو تۆن بێت. لێكۆڵینەوەی زیاتر لەسەر ئەو دایناسۆرە دەكرێت تا شتی زیاتری لێ ئاشكرا بكەن.

پێگەی "شەفەق نیوز" كە هەواڵەكەی لە میدیاكانی مەغریب وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی ئەوەی توێژەران و زانایان دەڵێن، ئەو دایناسۆرەی ئەمجارە دۆزراوەتەوە، جیاوازە لە تەواوی ئەو دایناسۆرانەی پێشتر ئاشكرا كراون، چونكە لەرووی تەمەن و كێش و لەوەیش گرنگتر، جۆری جەستەی دایناسۆرەكەیە كە زرێپۆشە.

باس لەوە دەكەن كە دۆزینەوەكە لە نزیكی شارۆچكەی بولمان بووە، ئەو پرووسكەی دۆزراوەتەوە، پاشماوەی بەبەردبوونی ئەو دایناسۆرەیە كە بۆ سەردەمی جۆراسی چیاكانی ئەتڵەس دەگەڕێتەوە. بۆیە زانایان ناوی "سبایكۆمیلۆس"یان لێ ناوە.

لەبارەی دایناسۆرەكەوە دەگوترێ، درێژیی چوار مەتر و كێشیشی نزیكەی دوو تۆن دەبێت. ئەو بە كۆنترین ئەندامی كۆمەڵەی ئەو دایناسۆرانەیە كە زرێپۆشن و هاوشێوەی تانكن، بۆیە بەو جۆرە دایناسۆرە دەگوترێت "ئەنكیلۆسۆرات".

ئەوەشیان ئاشكرا كردووە كە خۆراكی ئەو جۆرە دایناسۆرە رووەكە، پێیەكانی كورت و لە جووڵەدا زۆر خاوە و لەسەر چوار پێی دەڕوات.

ریچارد بتلەر زانای هەڵكۆڵین لە زانكۆی برمنگهام لە ئینگلتەرا كە بەشداریی بەڕێوەبردنی توێژینەوەكەی كردووە گوتی، زرێپۆشیی ئەو دایناسۆرە زۆر نامۆ و ناوازەیە، پێستی زۆر ئەستوور و تەواوی جەستەی لە ملەوە تا نزیكی كلكی، دڕكی درێژ و ئەستوور و زۆر بەهێزی هەیە هاوشێوەی بزمارێكی درێژ. بۆیە ئەو دیناسۆرە بە هیچ لە دایناسۆرەكانی تر ناچێت كە پێشتر دۆزراونەتەوە.

دواتر ئەو زانایە دەڵێت، ئەو زرێپۆشەكەی دایناسۆرەكە هەیەتی، پێدەچێ بۆ بەرگریكردن لە خۆی و ژیانی بێت، دڕكەكانی كە هاوشێوەی بزمارن، درێژییان نزیكەی مەترێك دەبێت، بەوە دەچێت ئەو دڕكانە لە شەڕكردندا بكوژ بن، چونكە زۆر بەهێزن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د