لە رووداوێكی نامۆ و سەیروسەمەرەدا كە بەسەر راهێنەرێكی تایبەتی گیاندارە دڕندەكاندا هاتووە، پڵنگێكی سپیی زۆر دڕندە لەناو قەفەسەكەیدا دزراوە و ویستراوە بفرۆشرێت.
پێگەی "عەرەبیە" كە هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە، ئاماژەی داوە كە ئەو راهێنەرەی گیاندارە دڕندەكان، "ئەنووسە كوتە"یە كە بێوەژنی ئاوازدانەری میسری محەمەد رەحیمە. لە ناوچەی باكوری پارێزگای مورسا مەتڕووح، پڵنگە سپییەكەی لەناو قەفەسەكەیدا دزراوە، ئەویش شۆك بووە بەوەی پڵنگەكە زۆر دڕندەیە و زۆر ئەستەمە كەسێكی بیانی بتوانێ لێی نزیك ببێتەوە، نەك بیدزێت.
لە لێدوانێكدا ئەنووسە بۆ پێگە عەرەبییەكە گوتی، بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك گەشتم بۆ پارێزگای مورسا مەتڕووح كرد بۆ نمایشی سێرك، لەو ماوەیەدا چەندان نمایشم لەگەڵ گیاندارە زۆر دڕندەكان پێشكەش كرد، لەناویاندا شێر و پڵنگ و بەتایبەتی پڵنگی سپی كە زۆر دڕندەیە، لە ناكاودا تووشی شۆك بووم دەبینم پڵنگە سپییەكەم لەناو قەفەسەكەی نەماوە و دزراوە.
ئەنووسە دووپاتی كردووەتەوە، رووداوەكە زۆر نامۆ بوو، چونكە ئەو پڵنگە لە سەرجەم لە گیاندارەكانی ترم زۆر دڕندەترە، رێگە نادات هیچ كەسێكی بیانی لێی نزیك ببێتەوە و راستەوخۆ پەلاماری دەدات، بۆیە دزینی ئەو گیاندارە ئاسان نییە و حاڵەتێكی زۆر نامۆیە.
دواتریش ئەنووسە گوتی، دوای ئەوەی پۆلیسمان ئاگادار كردەوە، ئەوان دەستیان بە گەڕان و لێكۆڵینەوە كرد، گومان كەوتە سەر كەسێك كە لە تیمەكەی خۆمان كار دەكات و پێكەوەین، دوای ئەوەی لە لێكۆڵینەوەدا پاڵەپەستۆی زۆری كرایە سەر، ناچار بوو ددان بە دزییەكە بنێ و گوتوویەتی، ویستوویەتی پڵنگەكە بباتە شاری ئەسكەندەریە و لەوێ بیفرۆشێت.
ئێستەیش لێكۆڵینەوە لەوە دەكرێت كە ئەو كەسە، چۆن توانی دەست بۆ پڵنگەكە ببات و چۆن توانی بیگوازێتەوە بۆ شارێكی تر. گومان لەوە دەكرێ سڕ كرابێت، پاشان دزرابێت.