ملیاردێرێكی بەرازیلی تەواوی سەروەتەكەی دەبەخشێتە نیمار

:: PM:12:14:04/09/2025 ‌
سەرمایەدارێكی بەرازیلی لە ویلایەتی ریۆ گراندی كو سول كە ملیاردێرە، بە فەرمی وەسیەتی كردووە تەواوی سەروەتەكەی ببەخشێتە نیماری وەرزشوان، لە كاتێكدا ملیاردێرەكە لە نزیكەوە نیمار ناناسێت و هاوڕێی نییە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم چواری ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، ملیاردێرێكی بەرازیلی بڕیاری دا بە فەرمی تەواوی سەروەتەكەی ببەخشێتە نیمار دا سیلفا كە نزیكەی شەش ملیار ریاڵی بەرازیلییە. میدیاكانی بەرازیل ئاماژەیان بەوە داوە، سەرمایەدارەكە /31 ساڵ/ حوزەیرانی رابردوو بە فەرمی چووەتە نووسینگەی دادی و واژووی لەسەر وەسیەتەكە كردووە.

ئەو سەرمایەدارە روونی كردووەتەوە كە كاروانی ژیانی نیمار زۆر كاریگەریی لەسەر دروست كردووە، چونكە دروست بە كاروانی ژیانی خۆی دەچێت، ئەوە لە كاتێكدایە هیچ پێوەندییەكی نزیكی لەگەڵ نیمار نییە و تەنانەت هاوڕێیشی نییە.

ئەو بێ ئەوەی ناسنامەی خۆی ئاشكرا بكات، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی، نیمارم خۆش دەوێ و هەست دەكەم چیرۆكی ژیانی، دروست چیرۆكی ژیانی منە، سەرسامم بە پێوەندیی لەگەڵ باوكی، ئەوەش باوكی كۆچكردووم بەبیر دێنێتەوە.

تا ئێستە هیچ لێدوانێك لەلایەن نیمارەوە نەدراوە و تیمی راگەیاندنی ئەو وەرزشوانەیش بۆ بەرنامەی Melhor da Tarde دەڵێن، تا ئێستە بە فەرمی هیچ شتێكمان لەبارەی وەسیەتەكەوە پێ نەگەیشتووە.

ئاماژە بەوە دراوە كە سەروەتی نیمار خۆی یەك ملیار دۆلارە، ئەگەر سەروەتی ئەو سەرمایەدارەیش بێتە سەری، سەروەتەكەی چەندان هێندە زیاد دەكات. بەڵام لەناو میدیاكاندا قسەوباسی جۆراوجۆر دەكرێت. ریجینا دورادۆی بێژەر گوتوویەتی، باشتر بوو ئەو سەروەتە بدرایە وەرزشوانە گەنجەكان كە زۆربەیان هەژارن. 

باس لەوە دەكرێ كە زۆربەی سەروەتی ئەو ملیاردێرە، دابەش بوونەتە سەر بواری خانووبەرە و بازرگانیی جۆراوجۆر. بەڵام خۆی ئامادە نەبووە ناسنامەكەی ئاشكرا بكات و دەڵێت، بڕیاری كۆتایی تەنیا پێوەندیی بەخۆیەوە هەیە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د