ڕاپۆرتێکی ئەڵمانی، پێچەوانەی ئەو باوەڕە باوەی کە پێی وایە بیرە داهێنانێکی ئەوروپییە، بەتایبەتی ئەڵمانی، ڕاستییەکی مێژوویی ئاشکرا دەکات و سەرەتای دروستبوونی ئەم خواردنەوەیە بۆ شەش هەزار ساڵ پێش ئێستا و بۆ کەنارەکانی دیجلە و فورات دەگەڕێنێتەوە.
بەپێی ماڵپەڕی "دۆیچە ڤێلە" (DW)، چیرۆکەکە لە ئەڵمانیاوە دەست پێ ناکات، بەڵکو لە میزۆپۆتامیا، کاتێک نانەوایەکی سۆمەری هەویرەکەی لەبەر خۆردا لەبیر دەچێت و بەم شێوەیە یەکەم بیرە لە مێژوودا دروست دەبێت.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دواتر سۆمەرییەکان شارەزایی تەواویان لە دروستکردنیدا پەیدا کردووە، تەنانەت لە داستانی گلگامێشیشدا باسی لێوە کراوە. پاشان، ئەم پیشەسازییە گواستراوەتەوە بۆ میسری کۆن و فیرعەونەکان هێندە حەزیان لێی بووە کە لەسەر دیواری پەرستگاکانیان نەخشاندوویانە.
بەپێی ماڵپەڕەکە، لە سەدەی نۆزدەهەمدا، زانای فەڕەنسی لویس پاستۆر "خەمیرە"ی دۆزییەوە، و دەرچوونی "یاسای پاکیی بیرە" لە ویلایەتی باڤاریای ئەڵمانیا، ناوبانگی بیرەی ئەڵمانیی بەهێزتر کرد.
لە ئەنجامدا، ئێستا تەنیا لە ئەڵمانیا زیاتر لە 1500 کارگەی بیرە هەیە کە نزیکەی پێنج هەزار جۆری لێ بەرهەم دەهێنن. بەمەش ئەڵمانیا بووەتە سێیەم گەورەترین بەکارهێنەری ئەوروپیی ئەم خواردنەوەیە، کە گەشتەکەی لە هەویرێکی سۆمەرییەوە دەستی پێ کرد و بووە بە کولتوورێک کە هەزاران ساڵە هاوڕێی مرۆڤە.