تیمێكی نەتەوە یەكگرتووەكان بە سواری "كەر" گەیشتنە گوندە نقومبووەكەی دارفۆر

:: AM:08:59:06/09/2025 ‌
دوای هەفتەیەك، دواجار نەتەوە یەكگرتووەكان بە سواری گوێدرێژ گەیشتنە گوندە نقومبووەكەی دارفۆر كە لە رووداێكی سروشتیدا كۆتایی هات.

دووشەمی هەفتەی پێشوو، گوندێكی دارفۆر لە سوودان بەناو زەویدا رۆچوو و لە ماوەیەكی كەمدا لەسەر نەخشە سڕایەوە، بەو هۆیەشەوە نزیكەی هەزار كەس گیانیان لە دەست دا.

گوندی تارسین لە جەبەل موڕە لە رۆژئاوای دارفۆر، گوندێكی دوورەدەستی بێ خزمەتگوزاری و لەناو دارستانە، نەتەوە یەكگرتووەكانی ناچار كرد بەسواری "كەر" تیمێكی هاوكاری بنێرێتە شوێنی رووداوەكە.

تیمەكە دوای هەشت سەعات بەدۆڵ و چیاكاندا هەڵزینین، بەقافڵەیەكی درێژی گوێدرێژ خۆیان گەیاندە گوندەكە.

رێكخراوەكە بڵاوی كردەوە، ئەو گەشتە لەگەڵ فەرمانگەی هاوئاهەنگیی كاروباری مرۆیی لە دارفۆر و فەرمانگەی هاوئاهەنگیی كاروباری مرۆیی نەتەوە یەكگرتووەكان، رێكخراوە و بەهۆی نەبوونی رێگەوبان و هەوراز و نشێوەكانەوە، لە رادەبەدەر قورس بووە بتوانرێت هاوكاری بگەیەنرێتە رزگاربووانی گوندەكە..

تیمەكە كە یەكەم تیمی نێودەوڵەتییە لە دوای كارەساتی رۆژی دووشەمی رابردوو گەیشتنە ناوچەكە، ستافی پزیشكی و پسپۆڕانی پاراستنی منداڵان و تیمێكی تەندروستیی دەروونی لەخۆ دەگرێت.




وشە - سۆران عەزیز