دوو ئەندازیار لە دوبەی، بە ئیلهام وەرگرتن لە کارەساتێکی فڕۆکەوانی، سیستەمێکی زیرەکی ڕزگاربوونیان داهێناوە کە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ژمارەی قوربانیان لە ڕووداوەکانی فڕۆکەوانیدا.
پڕۆژە نوێیەکە، کە ناوی "پڕۆژەی لەدایکبوونەوە" (Project Rebirth)ـە، پشت بە کۆمەڵێک ئێرباگی زەبەلاح (airbags) دەبەستێت کە لە پێشەوە، ژێرەوە و دواوەی فڕۆکەکەدا دانراون. ئەم ئێرباگانە بە هەمان شێوەی ئێرباگی ئۆتۆمبێل کار دەکەن و لە کاتی نیشتنەوەی بەپەلە یان پێکداداندا، پارێزگارییەکی زیاتر بۆ فڕۆکەکە و سەرنشینەکان دابین دەکەن.
ئەم داهێنانە لەلایەن دوو ئەندازیار بە ناوەکانی ئیشیل و دارسان سرینیڤاسان لە لقی دوبەی پەیمانگای بێرلا بۆ تەکنەلۆجیا و زانست دروست کراوە و بە یەکەم سیستەمی ڕزگاربوونی زیرەک دادەنرێت کە پشت بە ژیریی دەسکرد دەبەستێت.
سیستەمەکە چۆن کار دەکات؟
هەستکردن بە مەترسی: چەندین هەستەوەری زیرەک (sensors) بە بەردەوامی چاودێریی بەرزایی، خێرایی و دۆخی بزوێنەرەکانی فڕۆکەکە دەکەن بۆ دیاریکردنی ئەگەری ڕوودانی کارەسات.
چالاکبوونی ئێرباگەکان: لە کاتی مەترسیدا، ئێرباگەکان لە کەمتر لە دوو چرکەدا دەتەقن و بەرگێکی پارێزەر دروست دەکەن بۆ کەمکردنەوەی هێزی پێکدادانەکە.
سیستەمی یارمەتیدەری زیادە: ئەگەر بزوێنەرەکان کار بکەن، سیستەمی پاڵنانی پێچەوانە (reverse thrust) چالاک دەبێت بۆ هێواشکردنەوەی فڕۆکەکە. هەروەها، شلەیەکی تایبەت لە پشت دیوار و کورسییەکاندا هەیە کە لە کاتی ئاساییدا نەرمە و لە کاتی پێکداداندا ڕەق دەبێت بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان.
سەرچاوەی ئیلهامەکە
بیرۆکەکە سێ مانگ دوای کارەساتی کەوتنەخوارەوەی گەشتی ژمارە 171ی هێڵی ئاسمانیی هیندستان لە 12ی حوزەیرانی 2025 هات، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 260 کەس. یەکێک لە ئەندازیارەکان دەڵێت دوای ڕووداوەکە، دایکم نەیدەتوانی بخەوێت. ترسی سەرنشینەکان بووە خەونی ئێمە و لە خۆمانمان پرسی، بۆچی هیچ سیستەمێکی ڕزگاربوون نییە؟
سەرچاوە: دەیلی مەیڵ