شارەزایەكی كەشناسی وادەی یەكەم بارانی راگەیاند و دەڵێ، پێشبینی دەكرێت لە ناوەڕاستی مانگ و ئەم هەفتەیە، یەكەم باران ببارێت.
ئەمڕۆ شەموو، 13ی ئەیلوولی 2025، شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی بڵاوی كردەوە، پێشبینی دەكرێت لە دوای ناوەڕاستی مانگ و ئەم هەفتەیە بەدیاریكراویش لەمەودای 16 بۆ 17ی مانگ بەتایبەتی تا 19ی مانگ بڕێك شێی پێویست لە ناوچەی كەمەرەیی و دەریای ناوەڕاست بێتە ناوچەكان، بەپێی دوایین گۆڕانگاریی ئێستە مەرجەكانی چڕبوونەوە گونجاون بۆ ناوچە جیاجیاكان، لەو مەودایەدا بە كارتێكردنی نزمهپەستانی دەریای ناوەڕاست بۆ سەر ناوچەكان و بەرزبوونەوەی شێ لە چینی 700 ملیباری كە ئەم چینە 3000 مەتر بەرزە لە ئاست زەوییەوە، هەروەها چینی 850 ملیباری كە 1500 هەزار مەتر بەرزە لە ئاست زەوییەوە، و چینی 500 ملیباری كە 5500 مەتر بەرزە لە ئاست ڕووی دەریاوە، هەر سێ چین گرنگن بۆ چڕبوونەوە و دابارین.
ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، لەو ماوەیەدا ئەگەری تاوەباران و هەورەبرووسك و زیادبوونی خێرایی با هەیە بۆ ناوچەی جیاجیا، ئەمەش بە یەكەم بارانی وەرزی دابارینی داهاتوو و بارانی كەپرەشینە دادەنرێت، كۆتایی هاتنی گەرمای هاوینە بە یەكجاری.
ئەو دەڵێ، پێش ئەم حاڵەتە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەگەری هەڵكردنەوەی ڕەشەبا هەیە لە ناوچەكانی خۆرهەڵات، بەتایبەتی بەخێرایی لەسەرخۆ بۆ مامناوەند.