ئەفسانەیەكی هۆڵیوود دنیای سینەما و ژیانی بەجێهێشت

:: AM:09:05:17/09/2025 ‌
ئەفسانەیەكی دنیای هۆڵیوود كە یەك لە كۆڵەگە گەورەكانی سینەمای دنیا و ئەمەریكایە، شەوی رابردوو لەناو ماڵەكەی خۆی لە ئەەریكا، لە تەمەنی 89 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، بەوەیش وەك هونەرمەندانی دنیا دەڵێن، رۆڵی گەورەی لە گەشەپێدانی سینەمای ئەمەریكی و دنیادا هەبوو.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم 17ی ئەیلوول بلاوی كردووەتەوە، رۆبێرت ریدفۆرد كە ماوەی شەش دەیە لە دنیای هۆڵیووددا رۆڵی لە گەشەپێدانی سینەما هەبووە، شەوی رابردوو لەناو ماڵەكەی خۆی لە سنداس لە چیاكانی یۆتا، لە تەمەنی 89 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. خێزانەكەیشی تكا دەكەن كە تایبەتمەندییەكانی بپارێزن و وەك هونەرمەند و ئەفسانە قسەی لەسەر بكەن.

سیندی بیرگەر كە بریكاری كارە هونەرییەكانی رێدفۆردە لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، شەوی رابردوو 16ی ئەیلوول، ئەفسانە گەورەكەی ئەمەریكا و دنیا و هۆڵیوود ژیانی جێهێشت. خێزانەكەیشی تكا لە میدیاكان و هونەرمەندان دەكەن تایبەتمەندییەكانی رێدفۆرد بپارێزن و وەك ئەفسانەیەكی سینەمای دنیا قسەی لەسەر بكەن.

مێریڵ ستریب كە ئەویش ئەستێرەیەكی هۆڵیوودە و هاوڕێ نزیكی رێفۆردە گوتی، "یەكێك لە شێرەكانی هۆڵیوود كۆچی دوایی كرد". ستریب كە ئەوەیش لە چەند فیلمی رێدفۆرددا رۆڵی سەرەكی بینیوە زیاتر گوتی، هەموومان شانازیت پێ دەكەین، بنوو هاوڕێ دڵسوزەكەم.

لەلایەكی تریشەوە دۆناڵد تەرمپ سەرۆكی ئەمەریكا، رێدفۆردی بە "گەورە و ئەفسانەی سینەما" باس كردووە و پرسەی ئاراستەی هونەرمەندان كرد.

رۆبێرت ریدفۆرد لە 18ی ئابی 1936 لە سانتا مۆنیكا لە ویلایەتی كالیفۆرنیا لە دایك بووە. ئەو لە حزبی دیموكراتەكانە و هەمیشە پاڵپشتیی لە هۆزە ئەمەریكییە رەسەنەكان كرد. لە بواری هونەردا خاوەنی زیاتر لە 70 فیلمی سینەماییە، لە زۆربەی فیلمەكاندا رۆڵی كەسایەتییە گەورەكانی دنیای دەبینی، بۆیە لە سینەمای هۆڵیووددا بە ئەفسانە ناو دەبرێت.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د