لە نەشتەرگەرییەكی دەگمەندا لە نەخۆشخانەیەكی توركیا، تیمێكی پزیشكی توانیان گیانی نەخۆشێك رزگار بكەن، ئەویش بە دەرهێنانی دوو پێنووس لە گەدەی نەخۆشەكە. ئێستە دۆخی تەندروستیی باشە و مەترسی لەسەر گیانی نەماوە.
پێگەی "عەرەبیە" كە هەواڵەكەی لە میدیاكانی توركیا وەرگرتووە و ئاماژەی داوە، دوێنێ لە نەخۆشخانەیەكی توركیا نەشتەرگەرییەكی دەگمەن ئەنجام درا، ئەویش نەخۆشێك بەهۆی ئازارێكی زۆر لە هەناوی كە خۆی گوتوویەتی پێنووسێكی قووت داوە، رووی لەو نەخۆشخانەیە كردووە و دوای پشكنین، دەركەوتووە نەك یەك پێنووس، بەڵكو دوو پێنووسی قووت داوە و لەناو گەدەی گیریان خواردووە، بۆیە تیمێكی پزیشكی لە نەشتەرگەرییەكدا گیانی نەخۆشەكەیان رزگار كردووە و پێنووسەكانیان دەرهێناوە.
ئاماژە بەوە دراوە كە نەخۆشەكە ئافرەتێكی تەمەن 22 ساڵی بووە لە ویلایەتی ئاگری، ئەو پێی وابوو پێنووسێكی قووت داوە و ئازارەكەی هەناوی هۆی ئەوەیە، بەڵام وەك دكتۆر ئادەم ئەسڵان بۆ میدیاكان گوتوویەتی، لەبری یەك پێنووس، دوو پێنووس لەناو گەدەی ئەو نەخۆشە هەیە، یەكیان پێنووسی رەساس و ئەویتر پێنووسی جاف بوو، بۆیە لە ماوەی سەعاتێك و نیودا توانیمان پێنووسەكان دەربهێنین و گیانی لە مردنێكی مسۆگەر رزگار بكەین.
ئەو پزیشكە زیاتر گوتی، پێشتر چەند جارێك رووی داوە كە كەسێك پارچە ئێسك لەناو گەدەی گیرمابێت یان دەنبووس و سنجاق، بەڵام قووتدانی پێنووس زۆر دەگمەنە، چونكە پێنووسەكان درێژن. بەڵام ئێستە دۆخی تەندروستیی نەخۆشەكە زۆرباشە و نەخۆشخانەی جێهێشتووە و گەڕاوەتەوە ماڵی خۆی.