زانایانی بۆشایی ئاسمان خەریكی تاوتوێكردنی بژاردەی نائاسایین بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەسارۆكەی "2024 YR4"، كە دوای دۆزینەوەی لەم دواییانەدا، نیگەرانیی لە ناوەندە زانستییەكاندا دروست كردووە. پێشبینی دەكرێت ئەم هەسارۆكەیە تا ساڵی 2032 لە زەوی و مانگ نزیك ببێتەوە و بژاردە پێشنیازكراوەكان تەنانەت بەكارهێنانی بۆمبی ئەتۆمیی مووشەك ئاڕاستەكراویش لەخۆدەگرن، لە هەوڵێكدا بۆ دوورخستنەوەی هەر هەڕەشەیەكی ئەگەری لەسەر هەسارەكەمان.
هەسارۆكەكە درێژییەكەی نزیكەی 55 مەترە. كاتێك دۆزرایەوە، ئەگەری پێکدادانی لەگەڵ زەویدا بە ڕێژەی 3.1% خەمڵێندرا، كە ئەمەش بەس بوو بۆ ئەوەی وێرانكارییەك دروست بكات كە هێندەی سڕینەوەی شارێكی تەواو بێت. بەڵام بەهۆی چاودێریی وردەوە، ئەم ڕێژەیە تا مانگی شوباتی 2025 بۆ 0.28% دابەزی، كە ئەمەش نیگەرانییەكانی كەم كردەوە، هەرچەندە مەترسییەكە هێشتا هەر ماوە.
ڕاپۆرتە نوێیەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە تێپەڕینی بەلای مانگدا ڕەنگە ئاڵنگاریی گەورەتری هەبێت، چونكە ئەگەری پێکدادانی لەگەڵ ڕووی مانگدا بە شێوەیەكی ڕێژەیی بەرز ماوەتەوە.
بەپێی ماڵپەڕی "لایڤ ساینس"، پێکدادانێکی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی ئەوەی پێی دەگوترێت "بۆردمانی مانگ"، كە بڕێكی زۆر لە تۆز و خۆڵ و بەردی بچووک بەرز دەكاتەوە. ئەم تۆز و خۆڵەش مەترسی لەسەر مانگە دەستكردەكان و ئاسمانەوانەكان لە خولگەی نزمی زەویدا زیاد دەكات. توێژینەوەیەك كە لە 15ی ئەیلوول لەسەر سێرڤەری ArXiv بڵاوكراوەتەوە، ڕوونی كردووەتەوە كە چڕی پاشماوەكان ڕەنگە هەزار هێندەی ئاستی ئاسایی زیاد بكات.
چارەسەرە پێشنیازكراوەكان چەند بژاردەیەك لەخۆدەگرن، لەوانە هەوڵی هاوشێوەی ئەرکی DART لە ساڵی 2022، كە بە سەركەوتوویی توانی ئاڕاستەی بەردێكی بچووكی ئاسمانی بگۆڕێت، هەروەها پلانی تریش هەن وەك تەقاندنەوەی هەسارۆكەكە بە چەکی ئەتۆمی.
بەڵام پسپۆڕانی بۆشایی ئاسمان هۆشداری دەدەن كە نەزانینی وردی بارستایی هەسارۆكەكە ڕەنگە ئەنجامی پێچەوانەی لێبكەوێتەوە و ڕەنگە بە هەڵە بەرەو زەوی پاڵی پێوە بنرێت.
سەرەڕای ئەوەی كە توێژینەوەكان بە ڕێژەی 96% پێشبینی دەكەن هەسارۆكەكە بە سەلامەتی بەلای مانگدا تێپەڕێت، توێژەران ئەمە بە دەرفەتێکی نموونەیی دەزانن بۆ پەرەپێدانی توێژینەوەكان، گەشەپێدانی كەشتییە ئاسمانییە نوێیەكان و ئامادەكردنی ئەو دیزاینانەی كە ڕەنگە لە داهاتوودا زەوی لە هەڕەشەی هاوشێوە بپارێزن.