میدیاكانی میسر، بایەخێكی زۆریان بە راكێشانی كەشتییەك بە ددان لەلایەن پیاوێكەوە داوە كە كێشی 700 تۆن بووە. ئەو پیاوە بە بەهێزترین پیاوێكی دنیا هەژمار دەكرێت، پێشتریش بارهەڵگرێكی گەورەی هەر بە ددانەكانی راكێشابوو.
پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری، دوێنێ ئەو رووداوە وەرزشییەی بڵاو كردووەتەوە كە ئەشرەف كابونجا بەهێزترین پیاوی دنیا، لە شاری غەردەقەی میسر و لە سەركێشییەكی ناوازەدا، بە ددانەكانی توانی كەشتییەكی 700 تۆنی رابكێشێت. پێشتر پاڵەوانێكی تر بەناوی ئۆلج سكافیش كە ئۆكراینییە، توانی بەهەمانشێوە كەشتییەكی 700 تۆنی رابكێشێت. بەوەیش كابونجا توانی پێوانەی جیهانی بشكێنێت.
پێگە عەرەبییەكە باس لەوە دەكات كە ئەو سەركێشییەی كابونجا لە كەناراوەكانی شاری غەزەقەی گەشتیاری، بۆ ئەوەبوو سەرنجی گەشتیاران بۆ كەرتەكە گەشتوگوزارییەكە رابكێشێت و مەبەستی بوو پاڵپشتیی لەو كەرتە بكات.
ئەشرەف كابونجا لەبارەی سەركێشییەكەیەوە بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی گوتی، شانازی دەكات كە بە پاڵپشتیی وەزارەتی لاوان و وەرزشی میسر، ئاڵنگاریی ركابەرەكانی لە دنیادا دەكات. پێی وایە ئەوەی ئەو دەیكات، بۆ بەرزكردنەوەی ناوی وڵاتەكەیەتی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.