قوتابیانی كورد لە مەككە بەئاڵای كوردستانەوە بەشدارییان لە خولێكی بیركاریی هزری كرد، لە ناو 11 وڵاتدا توانییان پلەی نایاب بەدەست بێنن.
قوتابیانی 11 وڵات لە مەككەی كۆ كرابوونەوە، كوردستانیش وەك هەرێمێكی جیا لە عێراق بەشداریی كرد، پێنج قوتابیی كورد بە ئاڵای كوردستانەوە بەشدارییان لە خولی بیركاریی هزری بۆ تەمەنە جیاوازەكان كردبوو، توانییان پلەی یەكەم مسۆگەر بكەن.
مەبەست عەباس مامۆستای سەرپەرشتیار، بە "وشە"ی راگەیاند، كارێكی گرنگ و باشمان كرد وەك كوردستان، بەشداریمان لەو خولە كرد و توانیمان لە ناو 11 وڵاتدا، ئاڵای كوردستان بەرز بكەینەوە و ئەو پلە نایابەش بەدەست بهێنین.
گوتیشی، پرسیارەكان دابەش كرابوون بەسەر سێ ئاست، ئاسان و مامناوەند و قورس، بەڵام ئاستی قوتابیانی كورد لەو خولە زۆر بەرز بوو.
باسی لەوەش كرد، توانیمان پلەی یەكەم لە ئاستی قورس و پلەی دووەم و سێیەم لە ئاستەكانی تر مسۆگەر بكەین.
ئاماژەی بەوەش دا، تەنیا ئەمساڵ بەشداریی سێ پێشبڕكێیان كردووە، لە هەرسێكیاندا ئەنجامی یەكەمیان بەدەست هێناوە.