پیرەژنێكی چینی تەمەن 82 ساڵ هەشت بۆقی بچووكی زیندوو دەخوات، ئەوەش دوای ئەوەی گوێبیستی بووە كە ئەو كارە سوودی بۆ چارەسەركردنی ئازاری خوارووی پشت هەیە، وەك لە پزیشكی میلیی چینی باسی كراوە.
رۆژنامەی "ساوس چاینا مۆرنینگ پۆست"، دەڵێت، ئەو پیرەژنە كە خانەنشینە و ناوی چانگە، لە دوای خواردنی ئەو بۆقانە بە زیندوویی بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە، ئەو ماوەیەكی زۆرە بە دەست كێشەی لەجێچوونی خەپڵەكانی بڕبڕەی پشتی دەناڵێنێت، گوێبیستی ئەو چارەسەرییە بووە بۆ كێشەكەی، بۆیە داوای لە كوڕەكەی كردووە بۆقەكانی بۆ بێنێت، بێ ئەوەی پێی بڵێت بە نیازە چیان لێ بكات.
وەك رۆژنامەكە باسی كردووە، دوای ئەوەی كوڕەكە ئەو بۆقانە بۆ دایكی دێنێت، كە بچووك بوون، راستەوخۆ سیانیانی بە زیندوویی خواردووە، رۆژی دواتر ئەوانیتری بە هەمان شێوە خواردووە، بەڵام دوای رۆژێك لەوە هەستی بە ئازارێكی زۆر لە سكی كردووە و بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە، دوای پشكنینی دەركەوت كە مشەخۆر لە لەشی هەیە، ئەگەرچی پزیشكەكەی دەڵێت، ئەو حاڵەتانە دەگمەن نین.
زیاتر گوتی، لە ساڵانی دوایی چەندان قوربانی چارەسەری میلی دێنە نەخۆشخانەكە و ئێمە چارەسەریان دەكەین، ئەوان نەك تەنیا بۆق بە زیندوویی، بەڵكو زراوی مار و ماسی بە كاڵی دەخۆن و بۆق دەخەنە سەر جەستەیان، بە زۆریش ئەوانە كەسانی بەتەمەنداچوون كە زیاتر پەنا بۆ چارەسەری میلی دەبەن.