پڕۆژە نوێیەكەی چین بیابانی گۆبی ڕووناك دەكاتەوە

:: PM:03:44:10/10/2025 ‌
چین بازدانێكی جۆریی لە ئەندازیاریی وزەی نوێبووەوەدا تۆمار كرد، بە خستنەكاری یەكەم وێستگەی گەرمیی خۆر لە جیهاندا كە پشت بە سیستەمی دوو بورجیی هاوتەریب دەبەستێت بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە بیابانی "گۆبیدا". ئەم پڕۆژەیە دەستكەوتێكە كە داهێنان و كارایی و بەرهەمهێنانی بەردەوامی وزەی خاوێن لە یەكێك لە سەخترین ژینگە سروشتییەكانی سەر زەویدا كۆ دەكاتەوە.

وێستگە نوێیەكە كە لەلایەن كۆمپانیای "Three Gorges Corporation"ـەوە پەرەی پێ دراوە، كێڵگەیەكی بەرفراوان لەخۆدەگرێت كە نزیكەی 27 هەزار ئاوێنەی خۆری (هلیۆستات)ـی تێدایە و تیشكی خۆر لەسەر دوو بورجی بەرزی 200 مەتری كۆ دەكەنەوە. ئەو گەرمییە چڕەی لە لوتكەی بورجەكاندا دروست دەبێت، پلەی گەرما بۆ 570 پلەی سیلیزی بەرز دەكاتەوە و لە ناوەندێكی گەرمیی چڕدا هەڵدەگیرێت، بۆ ئەوەی دواتر بۆ بەرهەمهێنانی هەڵم و كارپێكردنی تۆرباینەكان بەكاربهێنرێت. ئەم سیستەمە ڕێگە دەدات بەرهەمهێنانی كارەبا تەنانەت دوای ئاوابوونی خۆریش یان لە كاتی هەوردا بەردەوام بێت.

سیستەمی دوو بورجیی هاوتەریب، كاراییی گشتیی وێستگەكە بە ڕێژەی 25% زیاد دەكات بە بەراورد بە سیستەمە كلاسیكییەكان، چونكە هەر بورجێك لە كاتێكی جیاوازی ڕۆژدا تیشكی خۆر وەردەگرێت: بورجی ڕۆژهەڵات لە بەیانیاندا و بورجی ڕۆژئاوا لە دوای نیوەڕۆدا. ئەمەش تێچووی دروستكردنی پڕۆژەكە بە ڕێژەی 60% كەم دەكاتەوە.

پێشبینی دەكرێت ئەم وێستگەیە كارەبا بۆ نزیكەی نیو ملیۆن خێزان لە ساڵێكدا دابین بكات و پابەندبوونی چین بە فراوانكردنی تواناکانی لە كەرتی وزەی نوێبووەوەدا نیشان دەدات.

بەپێی ئامارەكان، چین لە ئێستادا 21 وێستگەی گەرمیی خۆری هەیە و كار لەسەر دروستكردنی 30 وێستگەی تریش دەكات، ئەمەش وایكردووە ببێتە وڵاتی پێشەنگ لە جیهاندا لە بواری بەكارهێنانی سیستەمەكانی وزەی خۆریی چڕكراوە (CSP) و پابەندبوونی خۆی بە داهاتوویەكی پشت بەستوو بە وزەی خاوێن و بەردەوام دووپات دەكاتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود