بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەت دەكاتەوە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە و باسی نیازی بەڕێوەبەرایەتییەكە دەكەن بۆ زیادكردنی پشكنینی مایەسیری بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێ مۆڵەتی شوفێری نوێ بكەنەوە و زیادكردنی رسوومات بەو هۆیەوە.
سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتییەكە ئاماژە دەكات كە ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس كراوە بە سەپاندنی پشكنینی زیاتر بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەتی شوفێری، تەنیا دەنگۆیە و لە لایەن چەند لاپەڕەیەكی گوماناوی كراوە بۆ شێواندنی بابەتەكە لە هاووڵاتییان، ئەگینا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆ راستەوخۆ بەپێی مەرجەكانی وەزارەتی ناوخۆ كار دەكات و ناتوانێت بێ بڕیاری فەرمیی لایەنی پێوەندیدار پشكنین و رسووماتی زیاتر بسەپێنێت.
لەو كاتەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هاتە بڵاوكردنەوە بەوەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی عێراق بە نیازە پشكنینی مایەسیری لە پاڵ پشكنینی مادەی هۆشبەر لە بەرانبەر وەرگرتنی 50 هەزار دینار بۆ ئەوانەی مۆڵەتی شوفێری نوێ دەكەنەوە ئەنجام دەدات، سەرچاوەكە گوتی، ئەو پشكنینانەی ئێستە بۆ مۆڵەتی شوفێری دەكرێن تەنیا پشكنینی چاو و مادەی هۆشبەرن، ئەو قسانەشی باس لە پشكنینی زیاتر و وەرگرتنی پارەی زیاتر دەكرێن راست نین.