جۆن لۆكهارت كە خاتوونە ئەكتەرێكی ناوداری ئەمەریكییە، بەبێ ئەوەی هیچ نەخۆشییەكی هەبێت، لە تەمەنی 100 ساڵیدا و لەناو ماڵەكەی خۆی كۆچی دوایی كرد.
پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ یەكشەم 26ی تشرینی یەكەم، هەواڵەكەی لە گۆڤاری "پیپۆل" وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، شەوی پێنجشەمی رابردوو جۆن لۆكهارتی ئەكتەر، لەناو ماڵەكەی خۆی كە كچەكەی جۆن ئەلیزابیس و نەوەكەی كریستیانا لەگەڵیدا بوون، كۆچی دوایی كرد. وەك باس دەكرێ بێ ئەوەی هیچ نەخۆشییەكی هەبێت، تەنیا بەهۆی پیرییەوە لە تەمەنی 110 ساڵیدا دنیای هونەر و ژیانی جێهێشت.
لایل گریگۆری كە گوتەبێژی خێزانەكەیە و ماوەی 40 ساڵیش هاوڕێی نزیكی لۆكهارت بوو، بۆ ئاژانسی "ئەسۆشیتد پرێس" گوتی، لۆكهارت تا ئەوكاتەی كۆچی دوایی كرد، لەوپەڕی خۆشیدا بوو، رۆژانە رۆژنامەكانی "نیویۆرك تایمز" و "لۆس ئەنجیلۆس تایمز"ی دەخوێندەوە. ئەو دەیویست رۆژانە ئاگاداری هەواڵەكان بێت.
لۆكهارت لە ساڵی 1925 لە شاری نیویۆرك لە دایك بووە، دەكاتە كچی هەردوو ئەكتەر چین و كاسلین لۆكهارت. بۆ یەكەمین جاریش كە لەسەر تەختەی شانۆ دەركەوت، تەمەنی تەنیا هەشت ساڵ بووە. لەڕووی سینەماییەوە یەكەمین فیلم كە بەشداریی تێدا كرد، لە ساڵی 1938 بوو، ئەویش لە فیلمی "جەژنی لەدایكبوون" بوو بە رۆڵی كچی بۆب كراچیت بەشداریی ئەو فیلمە كرد.
جۆن لۆكهارت زۆربەی كارە هونەرییەكانی لە شانۆدا بووە و بەشداریی لە سەتان شانۆگەریی كردووە. هاوكات لە چوار فیلمی سینەماییدا رۆڵی سەرەكی بینیوە، جیا لە وەرگرتنی دەیان خەڵاتی نێودەوڵەتی.